لەنێو شاری خەبات و دەوروبەری هەڵمەتێک بۆ دەستبەسەرداگرتنی چەکی بێ مۆڵەت دەستیپێکردووە و چەند رۆژێک بەردەوام دەبێت. ئەوا لە کاتێکدایە هەفتانە چەندجارێک لەو شارە شەڕە تەقە روودەدات و سێ رۆژ لەمەوبەر گەنجێک کوژرا.
ئەمڕۆ یەکشەممە، بە فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی ( ماوە بۆ درێژکراوە ) و لەژێر سەرپەرشتی راستەوخۆی رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ هێزەکانی پۆلیس و ئاسایش لە هەڵمەتێکدا ژمارەیەک خاڵی پشکنینیان لەنێو شاری خەبات و دەوروبەری دانا بە مەبەستی دەستبەسەرداگرتنی چەکی بێ مۆڵەت.
هەڵمەتەکە ماوەی چەند رۆژێک بەردەوام دەبێت و بێجگە دەستبەسەرداگرتنی چەکی بێ مۆڵەت، هاوکات بۆ دەستبەسەرداگرتنی ئەو ئۆتۆمبێلانەشە کە تابلۆی ساختەیان بەکارهێناوە.
لە خەبات ماوە ماوە بەهۆی کێشە کۆمەڵایەتییەکانەوە شەڕە تەقە لەنێو شاری خەبات و دەوروبەری روودەدات و هاووڵاتییانی ئەو شارە چەندین جار ناڕازایەتی خۆیان لەبەرامبەر ئەو دیاردەیە دەربڕیوە و داوایان دەکرد حکومەتی هەرێمی کوردستان دەستبەسەر چەکی بێ مۆڵەتدا بگرێت.