مەسرور بارزانی، سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان (ماوە درێژكراوە) لە ساڵیادی ئەنفالدا داوا لە حكومەتی عێراق دەكات زیانلێكەوتووان، بنەماڵە و كەسوكاری ستەملێكراوی دەستی رژێمی پێشووی عێراق، بە شێوەیەكی شایستە قەرەبوو بكاتەوە.
ئەمڕۆ 35 ساڵ بەسەر تاوانی ئەنفالدا تێدەپەڕێت كە یەكێك بوو لە هەوڵەكانی بەعس لە عێراق بۆ قڕكردنی كورد، مەسرور بارزانی، سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان (ماوە درێژكراوە) لە راگەیەندراوێكدا رایگەیاندووە "ئەمڕۆ بە دڵێكی پڕ لە خەم و كۆڤانەوە، یادی شەهیدان و قوربانییانی شاڵاوە بەدناوەكانی (ئەنفال) دەكەینەوە، كە یەكێك بوو لە دڕندانەترین شێوازی جینۆساید دژی گەلی كورد و كوردستانیان."
مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوەكردووە "رژێمی بەعسی عێراق، بە چەند قۆناغێكی جیا، بە هەزاران خەڵكی سیڤل و بێتاوانی گوند و ناوچە جیاجیاكانی كوردستانی راپێچ كرد و لە بیابانەكانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق زیندەبەچاڵی كردن و بەشێكی زۆریان تائێستاش بێسەروشوێنن و چارەنووسیان نادیارە."
هەروەها داوا لە حكومەتی عێراق دەكات هاوكاری حكومەتی هەرێمی كوردستان بكات بۆ ئەوەی "بە شێوەیەكی باشتر، بتوانێت خزمەتی كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان بكات."