لەبارەی کەشوهەواى یەکەم رۆژى جەژن هۆشداری دەدرێت

شارەزایەکی بواری کەشناسی ڕایدەگەیەنێت" رۆژى هەینى کە ئەگەرى هەیە یەکەم رۆژى جەژنى رەمەزان بێت، كاریگەری ناجێگیری کەشوھەوا زیاتر دەبێت و پلەی گەرماش سێ تا چوار پلە نزمدەبنەوە". 

کەمێک پێش ئێستا ئاراس جەبار شارەزای بواری كەشناسی، لەبارەی كەشوهەوای دوو ڕۆژی داهاتوو ڕایگەیاند" سبەینێ پێنجشەممە لە ئەنجامی نزیکبوونەوەی نزمە پاڵەپەستۆیەکی لاوازی دەریای ناوەڕاست بۆسەر ڕۆژئاوای ھەرێمی كوردستان، ئاسمانی ناوچەکە بە زۆری دەگۆڕێت بۆ نیمچە ھەور و لە کاتەکانی دواینیوەڕۆ بۆ شەو، لە سەنتەری پارێزگای دھۆک و ناوچە شاخاوییەکانی پارێزگاكە و ناوچە شاخاوییەکانی پارێزگای ھەولێر هەندێك كات ئەگەری چالاکبوونی ھەورە برووسکە و تاوەبارانی ھەڕەمەکی دەبێت، پلەی گەرما لە سنووری پارێزگای ھەولێر و دهۆك یەك تا دوو پلەی سەدی بەراورد بە ئەمڕۆ نزمدەبێتەوە، بەڵام ناوچەکانی دیکە بە جێگیری دەمێننەوە". 

ئاماژەی بەوەشکرد، ڕۆژی هەینی ٢١ی نیسانی ٢٠٢٣ كە ئەگەری هەیە یەكەم ڕۆژی جەژنی ڕەمەزان بێت، كاریگەری ناجێگیری کەشوھەوا لەسەر ناوچەکانمان زیاتر دەبێت، پلەی گەرما سێ تا چوار پلە نزمدەبێتەوە، ئەگەری تاوەباران و ھەورە تریشقەی کورتخایەن لە ھەندێك لە ناوچەکانی سنووری پارێزگای ھەولێر، سلێمانی، دھۆک، ھەڵەبجە و ئیدارەی ڕاپەرین دەبێت، بە تایبەت لە نێوان کاتەکانی نیوەڕۆ بۆ ئێوارە و لە شەودا کەش سەقامگیر دەبێتەوە.



AM:11:01:19/04/2023