"ئەمرۆ شاندی كوردیو سەركردایەتی سیاسی كورد لەمەكۆی گۆڕان كۆدەبنەوە"
کۆبوونەوەی شاندی دانوستانكاری كورد
بەپێی سەرچاوەیەك بڕیارە ئەمرۆ دووشەممە شاندی دانوستانكاری كورد بۆ دیاریكردنی دوا هەڵوێستی خۆیان لەسەر بەشداریكردن لەحكومەتی عەبادی لەگەڵ سەركردایەتی سیاسی كورد لە مەكۆی بزوتنەوەی گۆڕان لەسلێمانی كۆببنەوە.
كۆبوونەوەی ئەمرۆی شاندی دانوستانكاری كوردیو سەركردایەتی سیاسی كورد لەكاتێكدایە كە بڕیارە ئەمرۆ پەرلەمانی عێراق دەنگ بە كابینەی نوێی عەبادی بدات.
ئەمەش لەكاتێكدایە كە فریاد رەواندوزی وتەبێژی شاندی دانوستانكاری كورد لە بەغدا بە شەرقولئەوسەتی رایگەیاند، پاش ئەوەی بۆیان دەركەوت كە حەیدەر عەبادی ئامادە نییە ئەو ئابڵووقە ئابوورییە لەسەر هەرێمی كوردستان هەڵبگرێت كە 8 مانگە خراوەتە سەری، شاندی كوردی بڕیاریدا بۆ هەرێمی كوردستان بگەڕێتەوە.
رەواندوزی ئەوەشی ئاشكرا كردووە 'كورد ناتوانێت ببێتە بەشێك لەو حكومەتەی كە سیاسەتی برسیكردنی هاوڵاتیانی خۆی پەیڕەو دەكات'.
AM:10:19:08/09/2014