داعش 5 چەكداری كوردی ناو ریزەكانی گوللە باران كرد

‌داعش
بەرپرسی راگەیاندنی لقی 14ی پارتی دیموكراتی كوردستان ئاشكرایكرد، گروپی داعش دەستیكردووە بە كوشتنی چەكدارە كوردەكان‌و 5 كەسیان بەتۆمەتی سیخوری گوللە باران كرد.

سەعید مەموزینی بەرپرسی راگەیاندنی لقی 14ی پارتی دیموكراتی كوردستان لە موسڵ بە (باسنیوز)ی راگەیاند 'دوێنێ یەكشەممە 7/9/2014 دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام (داعش) هەڵساوە بە دادگاییكردنی 5 لە چەكدارە كوردەكانی ناو ریزەكانی و دواتر بە بڕیاری دادگا ئەو چەكدارانە گوللەباران كراون'.

مەموزینی ئەوەشی ئاشكراكرد كە 5 چەكدارە كوردەكە بە تۆمەتی سیخوڕیكردن بۆ هەرێمی كوردستان و هێزەكانی پێشمەرگە دادگاییكراون.
بە بڕوای بەرپرسی راگەیاندنی لقی 14ی پارتی لە موسڵ، دوای گوللەبارانكردنی ئەو 5 چەكدارە 'چیتر چەكدارە كوردەكانی ناو ریزەكانی داعش متمانەیان بەو رێكخراوە توندڕەوە نامێنێت و هەوڵی خۆدەربازكردن دەدەن'.  

ئەمەش لەكاتێكدایە لە هەفتەی رابردوودا هەواڵی ئەوە بڵاوكرایەوە كە داعش 17 چەكداری كوردی ناو ریزەكانی خۆی گوللەباران كردوە.




AM:10:25:08/09/2014