فراکسیۆنى پارتى: ئامانجى یەکێتى ئەوەیە هەڵبژاردن نەکرێت

پێشەوا هەورامانی، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، "هەنگاوەکانمان بۆ هەڵبژاردن لەبەردەم بنبەست دایە، دەشڵێت: یەکێتی ئامانجی ئەوەیە هەڵبژاردن نەکرێت".

پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان ئەمڕۆ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ١٨ خاڵی خستەڕوو و وتی هەڵوێست و هەوڵەکانی پارتی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن بە وردی دەخەینەڕوو و، "پێویستە خەڵکی کوردستان بزانێت کێ هۆکاری ئەنجامنەدانی هەڵبژاردنە".

وتیشی: "پارتی دیموکراتی کوردستان بە ناچاری هەنگاوی بەرەو درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان ناوە بۆ ئەوەی رێکارە یاساییەکان تەواوبن بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەماوەی ئەمساڵەدا. لەو پێناوەشدا بە کۆمەڵێک بابەت رازیبووین، کە لە سەرەتا بۆچوونی ئێمە نەبووە و لە داواکارییەکانی خۆمان هاتووینەتە خوارەوە تەنیا بۆ ئەوەی هەڵبژاردن بکرێت".

ئەوەشی خستەڕو، جۆرێک لە بێهیوایی دروستبووە کە خەریکە ئەمجاریش هەڵبژاردن نەکرێت، هۆکاری سەرەکی ئەمەش یەکێتی نیشتمانی کوردستانە، ئێمە لەژێر گوشاری ئەوەی بۆشایی یاسایی لە هەرێمی کوردستان دروستنەبێت پەنامان بردە بەر درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان بۆ ئەوەی هەموو ئامادەکارییەکان بۆ هەڵبژاردن تەواو بکرێت.

ئەو ئەندامەی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان دووپاتیدەکاتەوە،هەر دەستپێشخەرییەک دەخەینەڕوو لە بەرامبەریدا لەمپەرێک دروستدەکرێت، پارتی بە سیستمی فرەبازنەیی و هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردن و سەرجەم خاڵەکانی دیکە رازیبوو، بەڵام لەگەڵ هەر رازیبوونێکمان، لەمپەرێکی دیکە دروستدەکرێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، یەکێتی لە هەر هەنگاوێک کە بەڵێنیداوە، لە جاری داهاتوودا بەشێوەیەکی دیکە هاتوونەتە پێشەوە، هەر بڕیارێک لە کۆبوونەوەکان دراوە، بۆ کۆبوونەوەی داهاتوو بە بیانووی نەخۆشکەوتن یان هەر هۆکارێکی دیکە کۆبوونەوەکە نەکراوە". گوتیشی: "ئەگەر ئەمڕۆ یەکێتی ١٠ مەرجی هەبێت بۆ هەڵبژاردن و پارتی بە هەموویان رازیبێت، رۆژی دواتر ١٠ مەرجی دیکە دادەنێت و ئامانجیشی ئەوەیە هەڵبژاردن نەکرێت.

رۆژی ٢٦/٣/٢٠٢٣ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بە فەرمانێکی هەرێمی، رۆژی ١٨/١١/٢٠٢٣ی وەکو رۆژی ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان دیاریکرد، سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان داوای لە پەرلەمان و سەرجەم فراکسیۆنەکان کرد، هەنگاوی کردەییان بۆ متمانەبەخشین و کاراکردنەوەی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن هەبێت.




PM:02:37:02/05/2023