لەسەر داوای پارێزەرە خۆبەخشەكان، دادگای هەولێر بڕیاریدا عەلی مەحمود بەكەفالەت ئازاد بکات.
ئەمرۆ سێشەممە ٩ی ئایاری ٢٠٢٣ عەلی مەحمود چالاكوانی بواری مافەكانی مرۆڤ و نوسەری بواری جینۆساید بە بڕیاری دادگای هەولێر ئازادکرا،عەلی سیاسی كۆتاییەكانی مانگی رابردوو لە ماڵەكەی خۆی لە هەولێر دەستگیركرا، دەستگیركردنەكەی پەیوەندی بە كەیسی بكوژی كاوە بازیانی یەوە هەبوو، بكوژەكە كە ناوی بابان ئیبراهیمە، دوای هەڵاتنی لە سلێمانی، لە ماڵی عەلی مەحمود لە هەولێر مایەوە.
دەستگیركردنی عەلی مەحمود ناڕەزایەتی بەدوای خۆیدا هێنا، بەتایبەتیش ناڕەزایەتی یەكێتی نوسەرانی جینۆسایدی كوردستان.
لەبەرامبەردا ژمارەیەك چالاكی بواری ئەنفال و رێكخراوی ئەو بوارە لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەیان بەوەكردووە كاتی خۆی لە پاداشتی شەهید كردنی ( ئیبراهیم حەبیب)دا كاوە بازیانی نیشانەی ئازایەتی سەدام حسێنی وەرگرتووە، ئاماژەیان بەوەشكردووە كە پاراستنی ژیانی (بابان ئیبراهیم حەبیب) ئەركی حكومەتی هەرێمی كوردستانە.
رۆژی ٢٠ی نیسانی ٢٠٢٣ كاوە بازیانی بە سەختی برینداركراو دواتر لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا، بنەماڵەكەی لە بەیاننامەیەكدا رایانگەیاند: "كاوە بازیانی لە ساڵی ١٩٧٨چەكی پێشمەرگایەتی كردووەتە شان، سكاڵای یاساییمان لەسەر تۆمەتباران تۆماركردووە".
مەرجی ئازادکردنی بەکەفالەت دەبێت شوێنی کەسەکە زانراوبێت و نابێت سەفەری دەرەوەی وڵات بکات، هەرکاتێکیش دادگا ویستی دەبێت ئامادەبێت.