موحەممەد
شیاع سودانى سەرۆک وەزیرانى عێراق، سەردانی وەزارەتی نەوتی کردو لەکۆبوونەوەی لەگەڵ
بەرپرسانى وەزارەتەکە رایگەیاند، پێویستە شۆڕشێکی چاکسازی لەکەرتی نەوتی عێراقدا ئەنجامبدرێت.
وەزارەتی نەوتی عێراق لەراگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، "نیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە، موحەممەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق سەردانی وەزارەتی نەوتی کردوەو لەکۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ بەرپرسانی بالای وەزارەتەکەیان گفتوگۆی چەند دۆسیەیەکی ستراتیژی گرنگیان لەبارەی کەرتی نەوتەوە کرد لەوانەش دۆسیەی دەرهێنان و وەبەرهێنانی غازو گەڕان بەدوای نەوت و ژێرخانی ئابووری"..
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق، ئاماژەی بەوەداوە، شیاع سودانی، لەکۆبوونەوەکەدا جەختیلەوەکردووەتەوە، کەرتی نەوتی عێراق پێویستی بە شۆڕشێکی چاکسازییە، هەروەها هەڵوێستی لەسەر گرفتەکانی بەردەم پڕۆژەکانی وەزارەتی نەوت و رێکارەکانی چارەسەرکردنیان کردووە.
هاوکات باسی لە کۆمەڵێک پڕۆژەی گرنگ کردووە کە لەمدواییانەدا بەهەوڵی نیشتیمانی جێبەجێکراون وەک کێڵگەی غازی عوکاز کە سەرچاوەیەکی گرنگی بەدەستهێنانی داهاتە کەلەگەڵ خستنەڕووی پێشنیاری هەلێکی وەبەرهێنان لەبواری پاڵاوتندا کە کۆتایی بەهاوردەی بەرهەمە نەوتییەکانی عێراق دەهێنێت و دەچێتە قۆناغی هەناردەکردنی بەرهەمە نەوتییەکانەوە.
موحەممەد شیاع سودانی، بەپێویستی زانیوە گرفتەکانی بواری هەناردەکردن لەکەرتی نەوتدا چارەسەر بکرێت کە ئەوەش پێویستی بەهەوڵی نیشتیمانی و لێکۆڵینەوەو دیاریکردنی گرفتە هەنوکەییەکان هەیە.
ئەمە لەکاتێکدایە، ئێستا بەهۆی راگیرانی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان، بەشێک لە هەناردەی نەوتی عێراقیشی لەگەڵدا راگیراوە، ئەمەش گرفتی بۆ عێراق دروستکردوە، چونکە ئاستی هەناردەی نەوتی عێراقی کەمکردووەتەوەو بەغدا بەردەوامە لە دۆزینەوەی رێگەچارەیەک بۆ ئەوەی ئاستی هەناردەی نەوتەکەی بگەڕێنێتەوە بۆ پێش بڕیارەکەی ئەنجوومەنی دادوەری پاریس.