مەكتەبی سیاسی یەكێتی راگەیەنراوێكی بڵاوكردەوە


مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان خۆشحاڵی خۆی بەو كەشە ئەرێنییە ناوخۆییەی كوردستان و پەرۆشی لایەنەكانی كوردستان بۆ دروستكردنی كۆدەنگی دەربڕی.

بەپێی راگەیەندراوێكی راگەیاندنی مەكتەبی سیاسی یەكێتی، ئەمڕۆ ‎مەكتەبی سیاسی یەكێتی بە سەرپەرشتی بافڵ تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان كۆبۆوە و لەكۆبونەوەكەدا جەخت لە یەكڕیزی و پێشخستنی پرۆسەی سیاسی كرایەوە بەئامانجی باشتركردنی ژیانی كۆمەڵانی خەڵك و گەشەپێدانی دیموكراسی.

‎هەر بەپێی راگەیەنراوەكە، مەكتەبی سیاسی خۆشحاڵی خۆی بەو كەشە ئەرێنییە ناوخۆییەی كوردستان و پەرۆشیی لایەنەكانی كوردستان و دۆستەكان بۆ دروستكردنی كۆدەنگی نیشتمانی و یەكخستنی تواناكان دەربڕی و هیوای خواست حوكمڕانی و سەرخستنی پرۆسەی چاكسازی گەشەكردنی بەرچاو بەخۆیەوە ببینێت.

كۆبوونەوەی ئەمڕۆی مەكتەبی سیاسی یەكێتی لە كاتێكدایە هەفتەی رابردوو مەسرور بارزانی و قوباد تاەبانی، كۆبوونەوە و لە چەند رۆژی رابردووشدا مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان داوای كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسی پارتی و یەكێتی و پاشان كۆبوونەوەی لایەنەكان كرد، بڕیاریشە سبەینێ كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم بكرێت و تیمی یەكێتیش كە نزیكەی حەوت مانگە بایكۆتی كۆبوونەوەكانیان كردووە بەشداری بكەنەوە.



PM:08:16:13/05/2023