جێگرى سەرۆکى هەرێم رایدەگەیەنێت" نازانرێت هەڵبژاردن لەو وادەیەى کە دیارکراوە دەکرێت یان نا، چونکە کۆمیسیۆن وتویەتى پێویستیان بە شەش مانگە".
مستەفای سەید قادر جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان (ماوە بۆدرێژکراوە)، ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی لە مەراسیمی شەشەمین ساڵیادى کۆچى دوایى نەوشیروان مستەفا، لە پەیامێکدا بە میدیای فەرمی بزوتنەوەی گۆڕانی ڕاگەیاند" نەوشیروان مستەفا کەسایەتییەکى دەگمەن و سەرکردەیەکى مەزن بوو، مەزنى ئەو لەوە دابوو پیشبینى رووداوەکانى دەکرد و پڕۆژەى هەبوو بۆ بە دامەزراوەکردنى حکومەت، خەباتى شاخ و شۆڕشى جیادەکردەوە لە دەوڵەتدارى".
وتیشی" پەیاممان بۆ هاوڕێکانمان و هەموو گۆڕانخوازان ئەوەیە کە لە ساڵانى رابردودا لە ژێر چەترى پڕۆژەى کاک نەوشیروان خەباتى دورودرێژمان بەیەکەوە کردووە و ئێستا بە هەر هۆکارێک لە یەکترى دابڕاوین، پێویستە جارێکى دیکە کۆببینەوە و بەیەکەوە کاربکەین".
لەبارەى هەڵبژاردنی داهاتووی هەرێم کە بڕیارە لە مانگی (١١)ی ئەمساڵدا بەڕێوەبچێت، مستەفای سەید قادر ئاماژەی بەوەکرد، نازانرێت هەڵبژاردن لەو وادەیەى کە نێچیرڤان بارزانی دیاریکردووە دەکرێت یان نا، چونکە کۆمیسیۆن وتویەتى پێویستیان بە شەش مانگە.
ئەوەشی خستەڕوو، پێویستە کۆتاکان نوێنەرى راستەقینەى خۆیانیان هەبێت و گوزارشت لە خۆیان بکەن.