لە ڕاگەیەندراوێکدا هاتووچۆی سلێمانی شۆفێران ئاگادار دەکاتەوە کە لە ئەمڕۆوە کامێرای (پۆینت تو پۆینت) کارا دەکرێت، بەڵام تا ڕۆژی یەکشەممەی هەفتەی داهاتوو سەرپێچیکاران سزا نادرێن.
بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی ئەمڕۆ یەکشەممە ڕایگەیاند" پرۆژەی کامێرای چاودێری تیژڕەوی ناسراو بە خاڵ بۆ خاڵ Point to Point دەکەوێتەکار، وەکو هەنگاوی یەکەم (٢٤) کامێرا لە نێوان تاسڵوجە تا دوکان لە ئەمڕۆوە تا یەکشەممەی داهاتوو ٢٨ی ئایار دەچنە قۆناغی تاقیکردنەوە و تیژڕەوی تۆماردەکەن، بەڵام شوفێرانی سەرپێچیکار سزانادرێن".
ئاماژەی بەوەشکردووە، لە رۆژی دووشەممە ٢٩ی ئایارەوە کاتژمێر ٨:٠٠ی بەیانی کامێراکان تیژڕەوی تۆماردەکەن و شوفێری سەرپێچیکار سزای دارایی بەپێی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران ژمارە ٧٩ی ساڵی ٢٠١٦ دەدرێت.