سەبارەت بەكۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمان، مەكتەبی سیاسی پارتی راگەیەنراوێكی بڵاوكردەوە


مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان رایدەگەیەنێت، پارتی بە كردار و بە بڕواوە باوەڕی قوڵی بە پڕۆسەی دیموكراسی و دەستاودەستكردنی ئاشتییانەی دەسەڵات هەیە و گەل بە سەرچاوەی شەرعیەتی دەسەڵات لە رێگای هەڵبژاردنی ئازاد و بێگەرد دەزانێت.

مەكتەبی سیاسی پارتی راگەیەندراوێكی سەبارەت بە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی كوردستان و هەڵبژاردنەكانی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان بڵاوكردەوە.

دەقی راگەیەندراوەكە:

راگەیەندراوێك لە مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستانەوە سەبارەت بە هەڵبژاردنەكانی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان

سەبارەت بە هەڵوێست و هەوڵ و كۆشش و دەستپێشخەری و گفتوگۆكانی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان لە وادەی یاسایی خۆی لەمساڵدا، چیتر كات بە فیرۆ نەدان و رێگری لەو كۆسپ و تەگەرانەی بۆ هەڵبژاردن دروست دەكرێت، ئەم خاڵانەی خوارەوە بۆ رای گشتی ناوخۆیی و عێراق و كۆمەڵگەی نێودەولەتی و نەتەوە یەكگرتووەكان و نێردەی دیپلۆماسی وڵاتان لە هەرێمی كوردستان، رووندەكەینەوە:

1. پارتیمان بە كردار و بە بڕواوە باوەڕی قوڵی بە پرۆسەی دیموكراسی و دەستاودەستكردنی ئاشتییانەی دەسەڵات هەیەو گەل بە سەرچاوەی شەرعیەتی دەسەڵات لە رێگای هەڵبژاردنی ئازاد و بێگەرد دەزانێت. وتاری سەرۆك بارزانی لە نەورۆزی 1991 لە كۆیە كە تیایدا جەنابیان بە ڕوونی داوای دامەزراندنی حوكمی قانون و هەڵبژاردنی ئازادو گۆڕینی شەرعیەتی شۆڕشگیڕی بۆ شەرعیەتی یاسایی، بناغەی هەڵوێست و كۆششی پارتیمان بووە بۆ هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان كە بە شانازیەوە بەر لە سێ رۆژ 31 ساڵ بەسەر هەڵبژاردنی یەكەمین خولی پەرلەمانی كوردستان تێپەری.

2. دەبوو هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان بەر لە 6/11/2022 ئەنجامبدرایەو لەم سۆنگەیەشەوە رێزدار سەرۆكی هەرێمی كوردستان بە مەرسومی هەرێمی لە ساڵی 2022دا، بەر لە تەواو بوونی وادەی یاسایی پەرلەمان، رۆژی هەڵبژاردنی دیاریكرد. فراكسیۆنی پارتیمان لە پەرلەمانی كوردستان لە رۆژی 3/11/2021 وە هەموو هەوڵ و كۆششی پەرلەمانی و یاسایی و سیاسی خۆی خستبووە گەر، تاكو سەرجەم فراكسیۆنەكان ئامادەكاری بۆ كاراكردنەوەی كۆمسیۆن بكەن. هەرلە پێناوی ئەوەی هەڵبژاردن لە ساڵی 2022لە كاتی خۆیدا بكرێ، پارتیمان رەزامەند بوو كۆمسیۆن بە هەمان پێكهاتەی خۆی متمانەی پێ بدرێتەوەو دوو پۆستە بەتاڵەكەی كۆمسیۆن پڕ بكرێتەوە. بەداخەوە فراكسیۆنەكان نەگەیشتنە رێككەوتن و بە ناچاری، زۆربەی هەرەزۆری فراكسیۆنەكان بەرلە 6/11/2022، بە یاسای ژمارە (12)ی 2022 لە دانیشتنی ئاسایی ژمارە (11)ی رۆژی 9ی10ی2022، یاسای بەردەوامیی خولی پێنجەم تا 31ی 12ـی2023 دەنگی لەسەردرا. هەر لەم یاسای ژمارە (12)دا بەڕوونی هاتووە كە پێویستە پەرلەمان هەنگاو بنێت بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە ساڵی 2023.

3. لە پێناوی ئەوەی لە 2023دا هەڵبژاردن ئەنجامبدرێت، لە كۆبوونەوەی 18ی1ی2023 ی مەكتەبی سیاسی پارتیمان، لە راگەیەندراوی فەرمی كۆبوونەوەكەدا، هەڵوێستی پارتیمان راگەیەندرا بەوەی پارتیمان رەزامەندە هەمواری یاسای هەڵبژاردن بكرێتەوەو داواكاری و پێشنیازی لایەنەكانی دیكەش لە بابەتی فرەبازنەیی، تۆماری بایۆمەتری عێراق كە هەڵبژاردنی 10ی 10ی2021ی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقی پێكرا، سود وەرگرتن لە ئامارەكانی عێراق بكرێنە بنەمای هەمواری یاسای هەڵبژاردن. لە مانگی 1و2ی ئەمساڵ چەندین جار هەڤاڵانمان لە پەرلەمان هەوڵیاندا دانیشتنی نائاسایی بكرێ بۆ هەمواری یاسای هەڵبژارن و كاراكردنەوەی كۆمسیۆن، بەڵام بەداخەوە جددیەت لە هەندێ لایەنەكانی دیكە نەبینرا بۆ سازدانی ئەو كۆبوونەوانەی پەرلەمان.

4. لەگەڵ دەستپێكردنەوەی وەرزی بەهارەی خولی پێنجەم لە 1ی3ی2023، فراكسیۆنی پارتیمان پێشنیازی یاسای هەمواری یاسای هەڵبژاردنی پێشكەش كرد، بەڵام بەداخەوە رێگری كرا لەوەی دانیشتنی پەرلەمان بۆ خوێندنەوەی پێشنیازە یاسای هەڵبژاردن  و كاراكردنەوەی كۆمسیۆن ئەنجامبدرێ.

5. مەكتەبی سیاسی پارتیمان و هەڤاڵانمان لە پەرلەمان لە گفتوگۆی بەردەوامدا لەگەڵ یەكێتی نیشتیمانی و لایەنەكانی دیكە بەردەوام لە هەموو كۆبوونەوەو دیدارە سیاسیەكانی ناو پەرلەمان و دیداری نێردەی وڵاتان، جەختمان لەوە كردۆتەوە كە پێویستە بەڕێز سەرۆكی پەرلەمان دانیشتنی پەرلەمانی بۆ كاراكردنەوەی كۆمسیۆن رابگەیەنێت و خوێندنەوەی یەكەم بكرێ بۆ هەمواری یاسای هەڵبژاردن كە پێشنیازی پارتی و یەكێتی و گۆڕان و یەكگرتوو و كۆمەڵ و نەوەی نوێ و بەشێك لە پێكهاتەكان بووە، بەڵام بەداخەوە ئەو ئامادەییە بۆ راگەیاندنی دانیشتن بۆ بابەتەكانی هەڵبژاردن نەبینرا.

6. سەبارەت بە پێكهاتەكان، هەرلە سەرەتاوە هەڵوێستی پارتیمان روون و ئاشكرا بووە بەوەی، هەرێمی كوردستان نیشتیمانی تەواوی رۆڵەكانیەتی بە جیاوازی نەتەوەو ئایین و مەزهەب. سەبارەت بە نوێنەرایەتییان لە پەرلەمان، یەك لە شانازییە گەورەكانی گەلەكەمانەو نابێ پاشەكشەی لێ بكرێ. بۆ كورسی پێكهاتەكان بەردەوام جەختمان لەوە كردۆتەوە نوێنەرایەتی پێكهاتەكان خۆیان بڕیار بدەن و هەرجۆرە بڕیارێك لە خۆیانەوە بێت، پارتیمان پێی رازی دەبێت. نوێنەرانی پێكهاتەكان لە كۆبوونەوەكانیان لەگەڵ یۆنامی و راپۆرتی یۆنامی لەسەر دیدارەكانیان لەگەڵ پێكهاتەكان لە مانگی (2)ی 2023روون و ئاشكرا بوو كە 95٪ ی پێكهاتەكان دەیانەوێ بۆ هەڵبژاردنی نوێنەرەكانیان، هەرێمی كوردستان یەك بازنە بێت. دواتر لەسەر داوای پارتیمان و یەكێتی، سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان بە ئامادەبوونی نوێنەری یۆنامی، لە رۆژی 13ی3ی2023 لە تەلاری پەرلەمان لەگەڵ نوێنەری پێكهاتەكان كۆبوونەوەو بە پێی كۆنووسی كۆبوونەوەكە دیسانەوە 95٪ ی پێكهاتەكان لەگەڵ ئەوە بوون بۆ هەڵبژاردنی نوێنەرەكانیان، هەرێمی كوردستان یەك بازنە بێت، بەشێكیان داوایان كرد بوو تۆماری دەنگدەری خۆیان هەبێ و لە دەنگدانی تایبەت دەنگ بە

پێكهاتە نەدرێ و پارتیمان وێڕای ڕێزگرتن لە ئیرادەی پێكهاتەكان، لە لایەن خۆیانەوە هەر پێشنیار و سەرنج و گۆرانێك لە شێوەی هەڵبژاردنەكانیان هەبێت، پشتیوانیان دەبێت.

7. پارتیمان رژدو سورە لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان و لەم سۆنگەیەشەوە رێزدار كاك نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان كە لە هەمانكاتدا جێگری سەرۆكی پارتیمانە بە فەرمانی هەرێمی ژمارە (90) لە 26/3/2023 واژۆی كرد و رۆژی 18ی 11ی 2023 ی وەك رۆژی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستانی دیاری كرد. هەروەها لە لایەن رێزدار كاك مسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان كە لە هەمانكاتدا جێگری سەرۆكی پارتیمانە بە فەرمانی ژمارە (1472) لە رۆژی 16ی 4ی 2023، سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەكانی راسپاردن بۆ دابینكردنی پێداویستیەكانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان.

8. بەشی هەڵبژاردنی مەكتەبی سیاسی پارتیمان لە هەموو كۆبوونەوەكانیان لەگەڵ بەرپرسانی هەڵبژاردنی لایەنەكان و پسپۆڕانی بواری هەڵبژاردن لە یۆنامی، بەردەوام جەختیان لە پابەندبوون بە ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەمساڵدا كردۆتەوەو لەو پێناوەشدا وەك هەڵوێستی ڕوون و ئاشكرای پارتیمان لە هەموو بابەتەكانی پەیوەست بە ٤ بازنەیی، تۆماری بایۆمەتری عێراق، ئامارەكانی عێراق بۆ دابەشكردنی كورسیەكان بەسەر پارێزگاكان، هەموو ئامادەیی و هەنگاوە پێویستیەكانیان ناوە.

ئێستاش كە كەمتر لە شەش مانگی ماوە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە 18/11/2023، پارتیمان سورە لەسەر ئەوەی هەموو لایەنە بەرێزەكان بەكردار، نەك تەنها بە لێداون، هەنگاوی كرداری بۆ سەركەوتنی هەڵبژاردن بنێن و لەم رووەوە، وەكو پارتی دیموكراتی كوردستا داوا دەكەین:

1. پەرلەمانی كوردستان ئەركی یاسایی خۆی ئەنجام بدات بۆ هەمواری یاسای هەڵبژاردن و سەرجەم پێشنیازە یاسا پێشكەشكراوەكان لە لایەن پارتیمان و لایەنەكانی دیكەش، بخرێنە بەرنامەی كارو خوێندنەوەی یەكەمیان بۆ بكرێ و خەسڵەتی بە پەلەیان پێ بدرێ و رێككەوتنی بەرپرسانی هەڵبژاردنی لایەنەكان لەسەر ٤ بازنەیی و تۆماری بایۆمەتری و بەكارهێنانی ئامارەكانی عێراق و خواستی پێكهاتەكان بۆ تۆماری تایبەتی خۆیان بكرێنە بنەما بۆ راپۆرتی هاوبەشی فراكسیۆنەكان تاوەكو خوێندنەوەی دووەم و پێكەوە دەنگدانی لەسەر بكرێ لە زووترین كات.

2. داوا لەسەرجەم نوێنەرانی وڵاتان و یۆنامی دەكەین هاوكاری ئەم پرۆسەیە بن و هەڵوێستی پارتیمان لەبەرچاوبێت و هەر كەس و لایەنێك كۆسپ و تەگەرە بۆ ئەم هەنگاوانە دروست دەكات لە هەڵوێستی دژە دیموكراسی و دژە هەڵبژاردن ئاگادار بكرێنەوە.

3. داوامان لەسەرجەم لایەنە سیاسیەكان و فراكسیۆنە پەرلەمانیەكانە، پاڵپشت و هاوكاری راستەقینەی سەرخستنی ئەم پرۆسە دیموكراسیەبن.

4. دەستخوشی و پێزانینمان هەیە بۆ هەوڵ و هەڵوێستی فراكسیۆنی پارتیمان لە پەرلەمانی كوردستان و دەستەی سەرۆكایەتی و فراكسیۆنە بەرێزەكانی دیكە بۆ دەنگدان و كاراكردنەوەی كۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان لە دانیشتنی ئەمرۆ 22 ی 5 ی 2023.

5. فراكسیۆنی پارتیمان لە پەرلەمانی كوردستان رادەسپێرین بۆ بەردەوامی بەجێگەیاندنی ئەركی پەرلەمانییان بە هەماهەنگی و هاوكاری لەگەل فراكسیۆنەكانی دیكەی پەرلەمان.

مەكتەبی سیاسی

پارتی دیموكراتی كوردستان

22ـی 5ـی 2023




PM:05:00:22/05/2023