هەورە بروسكە و باران دەست پێدەكاتەوە


شارەزایەكی كەشناسی رایدەگەیەنێت، پێشبینی دەكرێت لەكاتەكانی ئێوارە و شەودا ھەورە بروسكە و بارانی پچر پچر دەست پێبكاتەوە.

ئاراس جەبار، شارەزای كەشناسی رایگەیاندووە، سبەینێ ئاسمانی ھەرێم بە نیمچە ھەوری ئەمێنێتەوە لەئەنجامی بەردەوامی ھاتنی ھەوای شێداری گەرم لە دەریای سوورەوە ئەگەر ھەیە ھەوری باراناوی لە رۆژئاوای عێراقەوە چرببێتەوە بە ئاراستەی ناوچەكانی ھەرێمی كوردستانەوە.

ناوبراو روونیكردۆتەوە، پێشبینی دەكرێت لەكاتەكانی سبەی ئێوارە و شەودا شەپۆلێكی خێرای چالاكبوونی ھەورە بروسكە بە بوونی بارانی پچر پچر زۆرێكی ناوچەكان بگرێتەوە كە ھەندێ ناوچە نمە باران و ھەندێكی ئەگەر ھەیە رێژەی بارانەكە زیاتر بێت لەنێوان ١ تا ٣ ملم ببارێت، پلەكانی گەرماش بەڕاورد بە ئەمڕۆ بەرێژەی ١ تا ٣ پلە بەرز دەبێتەوە.

ئاراس جەبار، بەرزترین پلەی گەرمی پێشبینیكراوی سبەینێی بەم شێوەیە دنوە (ھەولێر ٣٦، سلێمانی ٣٢، دھۆك ٣٣، ھەڵەبجە ٣٤، كەركوك ٣٧، گەرمیان ٤٠).




AM:09:32:24/05/2023