حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆیدا بە کۆی دەنگ رێکخستنەوەی دارایی گشتی و بەناوەندیکردنی مووچەی پەسند کرد. لەبارەی ئەو ماددانەی پەیوەستن بە شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستانیش لە بودجەی گشتیی عێراق، حکومەت دەڵێت، گۆڕانکاری لە ماددەی ١٢ کرا و ئەو دەستەواژەیە لابراوە کە مەترسی بوو لەسەر ناردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان.
ئەمڕۆ چوارشەممە، ٢٤ ئایاری ٢٠٢٣ بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی،بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.
بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوە تایبەت بوو بە خستنەڕووی دوا پێشهاتەکانی پڕۆژەیاسای بودجە گشتیی عێراق بۆ ساڵانی ٢٠٢٣،٢٠٢٤،٢٠٢٥، حکومەت گفتوگۆی لەسەر ئەو ماددە و بڕگانەی پەیوەندیدارن بە شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان کرد کە لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە ٢ی ئایاری ٢٠٢٣، هەندێک لە ماددەکانی هەموار کرایەوە و لە ناویشیدا گۆڕانکاری لە ماددەی ١٢ و لابردنی ئەو دەستەواژەیەی مەترسی بوو لەسەر ناردنی شایستەی دارایی هەرێمی کورستان.
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەبارەی دانوستاندن و گفتوگۆکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ رایگەیاند، "رێکكەوتن کراوە بە ئاراستەی بەرژەوەندیی هەردوولا و لەسەر بنەمای دەستوور و دابینکردنی شایستەی هەرێمی کوردستان لە پڕۆژەیاسای بودجەدا، "بۆیە دەبێت پەلە بکرێت لە پەسەندکردنی بودجە و رێز لە ماف و شایستە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان بگیرێت و هیچ هەموارکردن و گۆڕانکارییەک لە پڕۆژەکە نەکرێت لە دەرەوەی بڕگەکانی رێكکەوتن و لەیەکتێگەیشتنی هاوبەشی نێوان هەردوولا."