سووپای عێراق ماوه‌ی مانگێکه له‌پیلان گێڕاندایه دژی کورد‌و پێشمه‌رگه له جه‌له‌ولا و سه‌عدیه.
سه‌رچاوه‌یه‌کی ئاگادار له‌هێزی پێشمه‌رگه‌ی کوردستان به سپی میدیای راگه‌یاند که فه‌ر‌مانداری ئۆپراسیۆنه‌کانی دیجله فه‌ریق روکن عه‌بدولئه‌میر زه‌یدی نزیکه‌ی مانگێکه کۆمه‌ڵێک که‌سایه‌تی هه‌ر سێ عه‌شره‌تی (کوروی و کوبیسی و لهێب) هانداوه که له‌گه‌ڵ چۆڵکردنی هه‌ردوو شارۆچکه‌که له‌لایه‌ن چه‌کدارانی داعشه‌وه، نه‌هێڵن هێزی پێشمه‌رگه و خێزانه کورده‌کانی بگه‌ڕێنه‌وه ناو هه‌ردوو شاره‌که.
ئه‌و سه‌رچاوه‌یه وتی "ئه‌و که‌سایه‌تیانه‌ی که زوبه‌یدی له‌گه‌ڵیان کۆده‌بێته‌وه و ده‌یه‌وێت ئه‌وان ئه‌و پیلانگێڕه‌یه‌ی بۆ سازبکه‌ن، ئه‌و که‌سایه‌تیه دیارانه‌ی ئه‌و سێ عه‌شره‌ته‌ن که له‌سه‌ره‌تای هاتنی چه‌کدارانی داعشه‌وه بۆ ئه‌و ناوچه‌یه، ئه‌وان هه‌ڵهاتوون و له به‌عقوبه ده‌ژین، به‌ڵام که‌سوکاریان له‌ناو سه‌عدیه‌و جه‌له‌ولادان و هه‌ندێکیشیان ئه‌وانه‌ن که ئێستا له‌ریزه‌کانی داعشدا شه‌ڕی پێشمه‌رگه ده‌که‌ن".
یه‌که‌م هه‌نگاوی ئه‌و پیلانگێڕیه نزیکه‌ی دوو هه‌فته‌یه ده‌ستی پێکردووه‌و چه‌کداره‌کانی ئه‌م سێ عه‌شره‌ته هه‌رچی ماڵی هاوڵاتیانی کورده له‌و دوو شاره ته‌قاندویانه‌ته‌وه.( وه‌ک سه‌رچاوه‌که‌ی سپی ئاماژه‌ی بۆ کرد، ته‌قاندنه‌وه‌ی ئه‌م خانوانه بۆ ئه‌وه‌یه که خێزانه کورده‌کان نه‌گه‌ڕێنه‌وه بۆ ناو هه‌ردوو شاره‌که).
به‌پێی ئه‌و زانیاریانه‌ی سپی ده‌ستی که‌وتووه عه‌بدولئه‌میر زه‌یدی کۆمه‌ڵێک به‌ڵێنی زۆری به که‌سایه‌تییه‌کانی ئه‌م سێ عه‌شره‌ته داوه، له‌وانه کردنه‌وه‌ی فه‌وجی ته‌واری و پێدانی چه‌ک، بۆ ئه‌وانه‌ی له‌ریزی سه‌ربازیش هه‌ڵهاتوون ده‌گه‌ڕێنه‌وه بۆ نێوریزی سوپا هه‌تا ئه‌و ماوه‌یه‌شیان به‌خزمه‌ت بۆ هه‌ژمار ده‌کرێت که هه‌ڵهاتوون، ئه‌مه جگه له‌وه‌ی ئه‌و به‌رپرسه سه‌ربازیه به‌ڵێنیشی پێدوان ئه‌وه‌ی براو که‌سی یه‌که‌می داعش بووه‌و کوژراوه، به " شه‌هید " حساب ده‌کرێن و مووچه‌یان بۆ ده‌بڕرێته‌وه.
به‌پێی زانیارییه‌کانی سپی عه‌بدولئه‌میر زه‌یدی له‌گه‌ڵ نزیکبوونه‌وه‌ی تێکشکاندنی داعش له‌و ناوچانه‌و هه‌ڵهاتنیان له هه‌ردوو شارۆچکه‌که، ئه‌ویش هه‌وڵه‌کانی چڕکردۆته‌وه‌و به‌به‌رده‌وامی کۆبوونه‌وه له‌گه‌ڵ سه‌رۆکه‌کانی ئه‌و دوو عه‌شره‌ته‌دا ساز ده‌کات و هه‌نگاو بۆ دروستکردنی فه‌وجه ته‌واریه‌کان ده‌نێت.
له‌ناوه‌راستی مانگی حوزه‌یرانه‌وه که چه‌کدارانی داعش هاتوونه‌ته ئه‌و ناوچه‌یه، شه‌ڕێکی قورس له‌نێوان پێشمه‌رگه‌و ئه‌و چه‌کدارانه روویداوه‌و تا ئێستا رۆژانه درێژه‌ی هه‌یه‌و له‌و شه‌ڕانه‌دا زیاتر له 40 پێشمه‌رگه شه‌هیدبوون و به‌ده‌یانی تر برینداربوون.