" تا ئێستا هیچ وادەیەک نییە بۆ دابەشکردنی مووچە "
سەرچاوەیەکی بەرپرس ئاشکرای دەکات کە تا ئێستا هیچ وادەیەک دانەنراوە بۆ دابەشکردنی مووچەی مانگی ئایار.
سەرچاوەیەکی بەرپرس لە حکومەتی هەرێم کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، بە " سپی " راگەیاند تا ئێستا هیچ وادەیەک نییە بۆ دابەشکردنی مووچەی مانگی پێنج". ئەو بەرپرسە هۆکارەکەی گەڕاندەوە بۆ ئەوەی کە لە ئێستا داهاتی ناوخۆ بەشی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم ناکات و ئەو بڕە زۆر کەمە.
لە بارەی گەیشتنی ٤٠٠ ملیار دینار لە بەغداوە، ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە تا ئێستا ئەو بڕە پارەیەش نەخراوەتە سەر هەژماری بانکی حکومەتی هەرێم و پێشبینی دەکرێت لە رۆژانی داهاتوودا ئەو کارە بکرێت.
سەبارەت بە دابەشکردنی مووچە، پێش جەژن، سەرچاوەکە جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە حکومەتی هەرێم هەموو هەوڵی خۆی دەدات مووچە دابەشبکات پێش هاتنی جەژن، " گەر هەموو وەزارەتەکانیشی پێ دابەشنەکرا بەهۆی کەمی پارەی بەردەستەوە، ئەوا چەند دەستە و وەزارەت دەمێننەوە بۆ دوای جەژن".
ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی ئاشکرا کرد کە ئەم ئاستەنگیانە بەرەو کۆتایی دێت، لەو کاتەوە یاسای بودجە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە کێشەی مووچە دابەشنەکردنی مووچە لە کاتی خۆیدا چارەسەر دەبێت. ئەو وتیشی" جێبەجێکردنی یاسای بودجە لە زۆرترین حاڵەتدا ناگاتە مانگێک".
AM:08:15:15/06/2023