مەسرور بارزانی: رێگە نادەین دۆخی ناوخۆی كوردستان بكرێتە قوربانی داواكاریی نادەستووری

مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان (ماوە درێژكراوە) رایدەگەیەنێت، رێگە نادەن دۆخی ناوخۆیی كوردستان بكرێتە قوربانی داواكاری نادەستووری و پێویستیشە ئەمساڵ هەڵبژاردن بكرێت.

بەپێی راگەیەنراوی حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئەمڕۆ مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان (ماوە درێژكراوە)، پێشوازی لە هانس سادنی، باڵوێزی شانشینی هۆڵەندا لە عێراق و شاندێكی یاوەری كردووە و تەوەرێكی كۆبوونەوەكە گفتوگۆكردن بوو لەسەر پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵ و گرنگی پاراستنی مافە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان.

لەو بارەیەوە مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێم رایگەیاندوە "پێویستی پابەندبوون و جێبەجێكردنی ڕێككەوتنەكانی نێوان هەردوولا گرنگە، چونكە ئاسایش و سەقامگیریی عێراق بەندە بە جێبەجێكردنی دەستوور و ڕێزگرتن لە ڕێككەوتنەكان".

سەارەت بە دۆخی ناوخۆی هەرێمی كوردستانەوە، مەسرور بارزانی وتویەتی "رێگە نادەین بارودۆخی ناوخۆی هەرێمی كوردستان بكرێتە قوربانی داواكاریی نادەستووری و نابەرپرسانە و پێویستیشە هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان لە زووترین كاتدا ئەنجام بدرێن".




PM:02:52:19/06/2023