داوا لەهاوڵاتیانی كوردستان دەكرێت چەكەكانیان لەبنكەكانی پۆلیس تۆمار بكەن، بە پێچەوانەوە چەكەكانیان بە نایاسایی و قاچاغ دادەنرێت.
كارزان ئەمیر غەفور، بەرپرسی راگەیاندن و پەیوەندییەكان لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی پۆلیسی هەرێمی كوردستان، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ئەوان لەڕابردوودا مۆڵەتی یەك ساڵیان داوەتە ئەو كەسانەی چەكیان هەیە تا بڕۆن لە بنكەكان چەكەكانیان تۆماربكەن.
ناوبراو وتی "داوا لە هاوڵاتیان دەكەین ئەوانەی چەكیان هەیە بچن چەكەكانیان تۆمار بكەن، چونكە هەر چەكێك دوای ئەو وادەیە فۆڕمی نەبێت، تووشی سزای یاسایی دەبنەوە".
رۆژی 21ی ئەم مانگە وەزارەتی ناوخۆ رایگەیاند، بەمەبەستی ئاسانكاریكردن بۆ هاوڵاتییان و تۆماركردنی چەكەكانیان تاكو مانگێك بە فەرمانی وەزیری ناوخۆ، 48 بنكەی نوێی تۆماركردنی چەكی ئاگرین دەكرێتەوە.