دایكی خواناس وریا، ئەو هونەرمەندەی هەفتەی رابردوو لە قەزای چەمچەماڵ كوژرا دەڵێت "وەڵاهی كوڕەكەم خراپ نەبوو، بۆیە دەمەوێت حكومەت هەقی بسەنێت".
دایكی خواناس وریا لەپەیامێكی كورتی ڤیدیۆییدا كە پێدەچێت بە مۆبایل تۆماركرابێت و كەناڵی (رۆژ تیڤی) بڵاویكردۆتەوە وتویەتی "دەموت تۆ شانۆ بكە بەتەنیا، من دێم چەپڵەت بۆ لێدەدەم، من ویستم كوڕەكەم هەر خەریكی شانۆ بێت".
هەروەها ئاماژەی بەوەكردووە "وەڵاهی كوڕەكەم خراپ نەبوو، پشتیوانی بكەن تا هەق كوڕەكەم نەفەوتێت، ئێمە رێگەی دادگا دەگرین و بكوژ نین، چونكە منداڵەكانم وا راهێنابوو كە بكوژ نەبن، بەڵكو حەزیان لەوە بێت كە رۆح زۆر بە نرخە، بۆیە كوڕەكەم دەبێت لەلایەن حكومەتەوە هەقی بسەنرێت".
ئێوارەی پێنجشەممەی رابردوو خواناس وریا كە هونەرمەندێكی شارەكەیە لەلایەن كەسێكی دیكەوە كوژرا، دواتریش بكوژ خۆی رادەستی هێزە ئەمنییەكان كرد و هۆكارەكەی بۆ "جیاوازی بۆچوونی دینی"یان گەڕاندەوە.