پارتی: ئێمە بەڵێنمان داوە لە سلێمانی دەنگ بە گۆڕان بدەین

ئەندامێکی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی پارتی پێی وایە ئەوان لە سلێمانی لەچاوی یەکێتی مامەڵەی کەمتر لە پلە دووش تەماشا دەرکرێن، بۆیە دەنگ بە گۆڕان دەدەن لە ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی.
 
بروسک نوری شاوەیس ئەندامی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی پارتیی دیموکراتی کوردستان لە سلێمانی لە لێدوانێکدا بۆ ماڵپەڕی فەرمی حیزبەکەی رایدەگەیەنێ کە ئەگەر پرۆسەی دیاریکردنی سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بکەوێتەوە دەنگدانەوە، ئەوان بەڵێنیان داوە دەنگ بە گۆڕان بدەن و دەڵێ 'ھۆکاری دەنگدان بە گۆڕانیش، بۆ ئەو مامەڵەیەی یەکێتی دەگەڕێتەوە کە لە ماوەی ڕابردوودا لەگەڵ پارتی کردوویانە لە ئیدارەی سلێمانی و بە ھاووڵاتیی پلە دوویش ھەژمار نەکراون'.
 
ھەروەھا دەڵێ 'ئێمە لەگەڵ ئەوەداین گۆڕان و یەکێتی ڕێک بکەون و وەک پارتی ئەگەر پۆستیشمان نەدەنێ ڕازین، گلەییشمان لە یەکگرتوو و کۆمەڵ کردووە کە چوار ساڵ ھاوپەیمانی گۆڕان بوون و ئێستایش لە پشگیرییان پاشگەز بوونەتەوە'.
 
بروسک وتیشی 'یەکێتی بەرنامەی ئەوە بووە پارتی لە ئیدارەی سلێمانیدا پشتگوێ بخات، بۆیە ئەم سیاسەتە لەلایەن لایەنگرانی پارتییەوە ڕەت دەکرێتەوە. ئەم بڕیارەمان کە بڕیاری ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی پارێزگای سلێمانییە، دەرھاوێشتەی شێوازی مامەڵەی چەند ساڵەی یەکێتییە لە سلێمانی بەرانبەر بە ئەندامان و جەماوەری پارتی، لەسەر ئەو بنەمایەش کە تا نیوەی ڕێگا لەگەڵ کەس و ھێچ لایەنێکدا ناڕۆین و بەڵێنمان تا سەر دەبێت و دەنگی خۆمان دەدەین بە گۆڕان'. گوتیشی، 'برادەرانی یەکێتی لە پەنا ڕێککەوتنی ستراتیژییەوە، لە چەند ساڵی ڕابردوودا ئیش و کاری ئەوە بووە پارتی لەو شارەدا پشتگوێ بخات و ھەوڵیداوە ئەندام و کادیرانی لە کۆی ناوەندەکان بۆ خۆی ڕابکێشێ'.




PM:03:19:14/09/2014