كەمال كەركوكی داواكارە پەرلەمان لەراگەیاندنی سەربەخۆیی كوردستان پەلە بكات
كەمال كەركوكی
ئەندامی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان، د. كەمال كەركوكی دەڵێت "داوا لە پەرلەمانتارانی ئازیز خوشك و براكانم لەسەرۆكایەتی و لە پەرلەمانی كوردستان دەكەم كە خێرابن و پەلە بكەن لە گرتنەبەری رێوشوێنی یاسایی بۆ راگەیاندنی سەربەخۆیی كوردستان".
سەرۆكی پێشووی پەرلەمانی كوردستان د.كەمال كەركوكی لە دیمانەیەكدا لەگەڵ ئاژانسی ئانادۆڵو داوایەك ئاراستەی پەرلەمانی كوردستان دەكات و دەڵێ:" داوا لە پەرلەمانتارانی ئازیز خوشك و براكانم لەسەرۆكایەتی و لە پەرلەمانی كوردستان دەكەم كە خێرابن و پەلە بكەن لە گرتنەبەری رێوشوێنی یاسایی بۆ راگەیاندنی سەربەخۆیی كوردستان، ئومێد دەكەم ئەو بەرپرسیارێتییە مێژووییەی لەسەرشانییانە جێبەجێی بكەن، چونكە ئێمە وەكو نەتەوە مافی خۆمانە بڕیار لەسەر چارەنووسی خۆمان بدەین و ئەوەش یەكێكە لەو مافانەی نەتەوەیەكگرتووەكانیش بە گەلانی دونیای بەخشیوە و عێراقیش ناتوانێ رێگریی لێ بكات."
كەمال كەركوكی هەروەها پێیوایە كورد بەگەڕانەوە و بەشداریكردنی لە حكومەتی عێراق ھەڵەی گەورەی كرد، دەشڵێ عەبادی لەمالیكی باشترنابێ بۆ كورد، پێشبینی ئەوەش دەكات پاش كۆنگرەی پاریس چەكی زیاتر بگاتە ھەرێمی كوردستان بۆ پاڵپشتیكردنی لەشەڕی دژ بە داعش.
PM:03:13:16/09/2014