ئاری هەرسین: کلیلی گرتنی موسڵ کەوتە دەست پێشمەرگە

پەرلەمانتار ئاری هەرسین رایگەیاند" بەگرتنی گوندی حەسەن شام کلیلی گرتنی موسڵ کەوتە دەست پێشمەرگە"، ئەو پەرلەمانتارە نیگەرانی خۆش راگەیاند کە لەهێرشەکانی دوێنێدا ٨ پێشمەرگە شەهیدبوون.

پەرلەمانتاری پارتی ئاری هەرسین کە لەگەڵ دەستپێکردنی شەڕی داعشدا روویکردۆتە بەرەکانی شەڕ، دوێنێ ١٦ ی ئەیلول لەبەرەی شەڕی خازر بوو، ئەو باس لەو هێرشە دەکات و دەڵێت" لەهێرشی پێشمەرگەدا بۆ سەر گوندی حەسەن شام، بەدەیان چەکداری داعش کوژران"، ئەو وتی " حەسەن شام بە کلیلی دەروازەی موسڵ دادەنێرێت".( نزیکە ٣٠ کم دوورە لەموسڵەوە).

ئاری ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە ئەم گونە لەکاتی هێرشکردنە سەر شاری موسڵ یاریدەدەرێکی زۆر باش دەبێت و کار ئاسانی زۆر بۆ پێشمەرگە دەکات، بەهۆی پێگەی ستراتیژی ئەم گوندەوە.

ئاری هەرسین ئەوەی ئاشکرا کرد کە لەو ٨ شەهیدە دووانیان پێشمەرگەی ئەندازیاری زێرەڤانی بوون، واتە ئەوانەی مین هەڵدەگرنەوە، ئەو وتی " جێگەی داخە جلوبەرگی ئەو پێشمەرگانەی کە لە بەشی ئەندازیاری کاردەکەن هیچیان بۆ دابین نەکراوە لە درع و کڵاو پێداویستی تر، بۆیە هەمیشە لە هەڵگرتنەوەی مین و تی ئێن تی چێنراوەکاندا رووبەرووی هەڕەشەی جدی دەبنەوە".

ئەو دەلێت: من بەچاوی خۆم بینیم ئەو دوو گەنجە شەهیدەی ئەندازیاری پێشمەرگە هیچ جلوبەرگێکی دورعیان لەبەردا نەبوو، بۆیە پێوستە وەزارەتی پێشمەرگە و حکومەتی هەرێم بیر لەم پرسە بکەنەوە.

ئەو پەرلەمانتارە وتی" کڕینی پێوستی خۆپاراستن بۆ پێشمەرگەی ئەندازیاری کەمین هەڵدەگرنەوە، کارێکی سوکە و زۆر لەسەر حکومەت ناکەوێت، چونکە ژمارەیان کەمە".




PM:01:10:17/09/2014