رۆشنبیران داوا دەكەن قوتابخانە توركییەكان لەهەرێم دابخرێن
پاش ئەوەی بە بڕیاری دادوەری توركیا لە ئامەد سێ قوتابخانەی كوردی داخران، لەباشوریش ژمارەیەك رۆشنبیر داوادەكەن قوتابخانە توركییەكانی سلێمانیو هەولێرو دهۆكیش دابخرێن.
لە دوو رۆژی رابردوو لە ئامەد حكومەتی توركیا سێ قوتابخانەی داخست كە بەم دواییانە بۆ خوێندنی كوردی كرابوونەوەو دادگاش دەستیكردوە بە لێپێچینەوە لێیان.
بەرامبەر بەوە ژمارەیەك رۆژنامەنوسو رۆشنبیری باشوری كوردستان داوا دەكەن حكومەتی هەرێمیش رێوشوێن بگرێتەبەر دژی قوتابخانە توركییەكانی سێ شارەكەی باشورو دابخرێن.
رۆژنامەنوس هیوا مەحمود عوسمان لە پەیجی تایبەتی خۆی لەتۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك نوسیویەتی: توركیا سێ قوتابخانەی لە ئامەد داخست، ئایا ئەمە ئەوە دەگەیەنێت كە حكومەتی هەرێمی كوردستانیش قوتابخانە توركییەكان لە شارەكانی هەرێمی كوردستان دابخات؟
هیوا مەحمود عوسمان رایگەیاند ئەوە سەرەتاییترین مافی مرۆڤە كە هاولآتیان بتوانن بەزمانی دایك بخوێنن و قسەی پێبكەن، بەڵام توركیا ئەو مافەی لە ملیۆنان كورد لە باكور قەدەغە كردوە.
ئەو دەڵێت: هەقە ئەو بەرپرسانی حکومەتی هەرێم کە خۆیان بەنزیک لەتورکیا دادەنێن و دۆستی ئۆردوگانن داوا لە توکیا بکەن کە داخستنی ئەم قوتابخانانە راگرێت، چونکە ئەمە کەمترین شتە کە بەرپرسانی باشوور بتوانن بۆ کوردانی باکوری بکەن لەبەرامبەر ئەو قوربانیانەی لەمانگی رابردوو لەسەنگەرەکانی بەرەنگاربوونەوەی داعشدا لە باشوور پێشکەشیان کرد.
رۆژنامەنوس كامەران قەرەداغی پێچەوانەی ئەم بۆچوونەی هەیەو دەڵێت: قوتابخانە توركییەكانی هەرێمی كوردستان هیچ پەیوەندییەكی بە حكومەتی توركیاوە نیە، بەڵكو سەر بە فەتحوڵا گوڵەنن كە لەئەمەریكا دادەنیشتو هاوكات ئەمان لە ململانێەكی توندان لەگەڵ حكومەتی توركیا، بەڵام قوتابخانە كوردییەكان كە لەتوركیا داخران لەلایەن رێكخراوەكانی كۆمەڵگای مەدەنی كراونەوەو حكومەتی توركیا دایخستن.
قەرەداخی دەڵێت ئەم قوتابخانانە كرانەوە مۆڵەتی رەسمییان نەبووەو بە بەیاننامەكەی وەزارەتی پەروەردەی توركیا كە باس لە داخستنی ئەم سێ قوتابخانەیە دەكات ئەو رێوشوێنانەی گیراوتە بەریان تەندروستو لەهەموو وڵاتێك جێبەجێ دەكرێن.
نوسەرێكی تر بەناو شێرزاد جبرئیل دەڵێت: داخستنی قوتابخانە توركییەكانی باشور هەڵەیە، لەبەر ئەوەی ئێمە زیاتر پێویستمان بە توركیایە تا ئەو پێویستی بە ئێمە بێت. كوردستان پێویستی بە هەزاران هاوڕێ هەیەو پێویستی بەوەشە كەس دوژمنی نەبێت.
ژمارەیەك زۆری رۆژنامەنوسان هاوڕان لەگەڵ هیوای مەحمود عوسمانو داوادەكەن ئەو قوتابخانانە دابخرێن لە هەر سێ شارەكەی هەرێمی كوردستان.
PM:04:42:17/09/2014