بریکاری پێشووی وەزیری دارایی عێراق ڕایدەگەیەنێت" مانگەکانی داهاتوو کێشەی دابەشکردنی مووچە نامێنێت و پارە لە بەغداوە دێت".
فازڵ نەبی بریکاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق، لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤیزیۆنیدا بە کەناڵی (ئێن ئاڕ تی) ڕاگەیاندووە" دوای بڵاوبوونەوەی ڕێنمایی جێبەجێکردنی یاسای بودجە کێشەی دواکەوتنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم چارەسەر دەبێت، چونکە لە بەغداوە پارە دێت".
ڕاشیگەیاند" دەبێت حکومەتی هەرێم بەشێوەیەکی باشتر پێشوازی لە جێبەجێکردنی رێککەوتنەکانی لەگەڵ بەغدا بکات، ئەگەر کێشەیەکیش لە نێوان بەغدا و هەرێم دروست ببێت بەغدا هەر مووچە دەنێرێت و کێشە بۆ فەرمانبەرانی هەرێم دروست ناکات".
وتیشی" بەهۆی زاڵبوونی دەسەڵاتی حزبەکان لە کوردستان حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم دەسەڵاتی تەواوی نییە بەسەر هەموو ناوچەکان هەربۆیە کێشەی دابەشکردنی موچەی فەرمانبەران لە هەرێم دروستبووە".
دەشڵێت" کێشەی دابەشکردنی موچە لە رێککەوتنەکەدایە نەک پابەند نەبوونی بەغدا بە جێبەجێکردنی رێنماییەکانی رێککەوتننامەکە و نوێنەرانی هەرێم سەرکەوتوو نەبوون لە دانوستاندنەکان لەگەڵ بەغدا بەهۆی ئەوەی کەسانی شارەزا نەبوون".