زانیاری نوێ سەبارەت بە ناردنی مووچە لە بەغداوە بۆ هەرێم


وەزارەتی دارایی و ئابوری حكومەتی ھەرێم رازی نییە بە ناردنی ٥٩٨ ملیارەكەی بەغدا كە بڕیارە مانگانە بۆ مووچەی فەرمانبەرانی ڕەوانەی بكات و داوای تەواوی شایستە داراییەكان دەكات.

سەرچاوەیەك لە وەزارەتی دارایی و ئابوری حكومەتی ھەرێم بە میدیای یەكێتی راگەیاندووە "حكومەتی عێراق مانگانە ٥٩٨ ملیار دینار بۆ حكومەتی ھەرێم دەنێرێت، ئەوەش بەشی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی كوردستان ناكات، ھەربۆیە ئەوان نارازین و داوایان كردووە تەواوی شایستەكانی ھەرێمی كوردستان لە بودجە رەوانە بكرێت".

حكومەتی هەرێم مانگانە پێویستی بە زیاتر لە 900 ملیار دینارە بۆ دابینكردنی مووچە، بەڵام لە حاڵەتی ناردنی 598 ملیار دیناری بەغدا، دەبێت هەرێم نزیكەی 320 ملیار دینار كورتهێنان پڕبكاتەوە.

بەپێی یاسای بودجەی عێراق، پێویستە حكومەتی عێراق مانگانە بڕی زیاتر لە ترلیۆنێك دینار وەك شایستەی دارایی هەرێم رەوانە بكات، لەبەرامبەریشدا هەرێم رۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوت و تەواوی داهاتە نانەوتییەكان رادەستی حكومەتی عێراق بكاتەوە و لەبەرامبەریشدا بەغدا نیوەی داهاتی گومرگ و خاڵە سنورییەكان بە هەرێم بداتەوە، بەڵام بەوتەی بەرپرسانی عێراق تائێستا حكومەتی هەرێم بەتەواوی پابەندی ئەو رێككەوتنە نەبووە، ئەمڕۆش ڤیان سەبری، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، هەرێم رۆژانە 80 هەزار بەرمیل نەوت رادەستی بەغدا دەكات.




PM:05:31:26/08/2023