دوایین زانیارییەکان لەبارەی ناردنی مووچە لە بەغدادەوە ڕاگەیەندرا

ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایدەگەیەنێت" لە دوێنێوە محەمەد شیاع سودانی هاتووەتە سەرهێڵ و بەڵێنیداوە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بنێرێت". 

سروە محەمەد ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی یەکێتی، لە لێدوانێكدا بە میدیای حزبەکەی ڕاگەیاندووە" لە دوایین سەردانیاندا شاندی هەرێم داوای مووچەی مانگەكانی ٧ و ٨ی لە بەغداد كردووە و لە بەرامبەردا پێشنیازی ناردنی بڕە پارەیەك بۆ هەرێمی كوردستان كراوە، بەڵام گرفتەكە لەوەدایە حكومەتی عێراق داوای رادەستكردنی تەواوی داهاتی نانەوتی هەرێم دەكات كە ئەوەش پێچەوانەی رێككەوتنەكانە و دەبوو ٥٠%ی داهاتی نانەوتی هەرێم بگەڕێتەوە بۆ عێراق". 

دەشڵێت" بەپێی زانیارییەكانمان بەغداد زیاتر لەوەی رێككەوتنی لەسەركراوە و داوادەكات، هەرچەندە پێشتر رێككەوتن كراوە حكومەتی عێراق ئامادەنییە مووچەی دوو مانگ بنێرێت كە لە هەرێمی كوردستان دوو مووچە نەدراوە، ئێستا عێراق داوای ١٠٠%ی داهاتی هەرێم دەكەن و هەناردەی نەوتیش راگیراوە ناتوانرێت مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دابینبكرێت". 

وتیشی" بەپێی زانیارییەكانمان محەمەد شیاع سودانی هاتووەتە سەرهێڵ و بەڵێنیداوە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان بنێرێت". 


PM:07:02:01/09/2023