پارتی رێكارەكانی دژی نەناردنی مووچە لە بەغداوە دەست پێدەكات


پەرلەمانتارێكی پارتی لە پەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت "ناكرێت دوو مانگ مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی كوردستان رابگیرێت، بێدەنگ نابین و وەزیری دارایی عێراق بانگھێشتی پەرلەمان دەكەین بۆ لێپرسینەوە".

نەھلە ئەفەندی، پەرلەمانتاری عێراق لە فراكسیۆنی پارتی بۆ ماڵپەری فەرمی حزبەكەی رایگەیاندووە "دوای پەسەندكردنی یاسایی بودجە لە ناوەڕاستی ئەمساڵ بەتێكرای كوتلە سیاسیەكان دەنگیان لەسەر بودجە دا، لەبەر ئەوەش ئەركی حكومەتی فیدڕاڵە پابەندبێت بە جێبەجێكردنی یاسایی بوودجە وەك ئەوەی لە پەرلەمان دەرچووە".

ناوبراو ئاماژی بەوەكردووە "حكومەتی ھەرێمی كوردستان ھەموو رێكارەكانی گرتۆتەبەر بۆ جێبەجێكردنی یاسایی بوودجە لەوانەش ڕادەستی نەوت و وردبینی لەداھاتی ناوخۆی ھەرێمی كوردستان بەشایەتی لایەنی عێراقی".

هەروەها دەڵێت "وەزارەتی دارایی عێراق پابەند نییە بەناردنی شایستە داراییەكانی خەڵكی كوردستان، ئێمە وەك پارتی بێدەنگ نابین لەسەر ئەو بابەتە و دوای كۆتایی ھاتنی پشووی پەرلەمان و دەستپێكردنەوەی كۆبوونەوەكانی پەرلەمان وەزیری دارایی عێراق بانگھێشتی پەرلەمان دەكەین بۆ لێپرسینەوە".
نەهلە ئەفەندی وتویەتی "ناكرێت دوو مانگ مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی كوردستان رابگیرێت و بەپێی ماددەكانی دەستوور ھەرێمی كوردستان بەشێكە لە عێراق و ماف و ئەركی خۆی ھەیە، هەرێمیش لای خۆیەوە رێكارەكانی گرتووەتەبەر، ئێمەش ئەركی پەرلەمانی خۆمان جێبەجێ دەكەین بۆ ئەوەی بەشە بوودجەی ھەرێمی كوردستان خەرج بكرێت".




PM:03:46:02/09/2023