سەركردەیەكی باڵای پارتی دیموكراتی كوردستان گەشبینە بە چاكبوونەوەی دۆخی نێوان و هەرێمی كوردستان و بەغداد و دەڵێت "بە هەر شێوەیەك بێت، دەبێت كوردستان شایستە داراییەكانی خۆی وەربگرێت."
ئەمڕۆ دووشەممە فازڵ میرانی، بەرپرسی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان لە رێوڕەسمی 62ـەمین ساڵیادی هەڵگیرسانی شۆڕشی ئەیلول رایگەیاند، "شۆڕشی ئەیلول تەنیا هی پارتی نییە، بەڵكو هی هەموو خەڵكی كوردستانە، چونكە هەموو چین و توێژێك لەو شۆڕشەدا بەشدار بوون".
فازڵ میرانی وتویەتی "ئەو شۆڕشە شەڕی نێوان كورد و عەرەب نەبوو، بەڵكو وەكو بارزانیی نەمر ئەمری دەكرد و دەیگوت، ئەوە شەڕی خەڵكی كوردستانە لەگەڵ ئەو حكومەتانەی كە ستەممان لێ دەكەن."
سەبارەت بە دۆخی هەرێم و بەغداش، میرانی دەڵێت "بەغدا ناتوانێت لەوە زیاتر بەردەوام بێت لە نەناردنی بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان و بە هەر شێوەیەك بێت، دەبێت كوردستان شایستە داراییەكانی خۆی وەربگرێت".