تورکیا بە دەیان سەرباز لە ڕێگەی فڕۆکەوە ڕەوانەی چیای مەتین دەکات
لە ماوەی هەفتەی ڕابردوودا دەوڵەتی تورکیا بە دەیان سەرباز لە ڕێگەی فڕۆکەوە ڕەوانەی سنووری چیای مەتین کردووە بە تایبەت لە دوروبەری بەرزاییەکانی گوندی سگێرێ.
بەپێی زانیارییەکانی ماڵپەڕی (سپی)، لە ماوەی هەفتەی ڕابردوودا سوپای تورکیا بە دەیان سەرباز لە ڕێگەی فڕۆکەوە ڕەوانەی چیای مەتین کردووە، بە تایبەت لە دەوروبەری سۆری سگێرێ کە ناوچەیەکی ستراتیژییە و شاخێکی بەرزە لە زنجیرە چیای مەتین و شەش کیلۆمەتر لە سەنتەری قەزای ئامێدی دوورە.
هەر بەپێی زانیارییەکان، لە ماوەی دوو بۆ سێ ڕۆژی ڕابردوودا سوپای تورکیا هەوڵیانداوە کۆنترۆڵی بەرزاییەکانی گوندی سگێرێ بکەن، بەڵام بەپێی زانیارییەکان هەوڵدەدەن تونێلێکی گەریلاکانی پەکەکە کۆنترۆڵ بکەن کە بەهۆیەوە شەڕ و بەرپەچدانەوە لە نێوانیان ڕوویداوە.
بەپێی زانیارییەکان کە پشتراشتکراونەتەوە، شەوی ڕابردوو سوپای تورکیا هەوڵیانداوە ئەو تونێلە کۆنترۆڵ بکەن، بەڵام پەکەکە بە توندی لێیان داوەن کە دوو تەرمی سوپای تورکیا کەوتوونەتە بەردەستی گەریلاکان، هاوکات پێنج سەربازی تورکیاش برینداربوون کە سیانیان ڕزگارکراون و دوانیشیان بە برینداری کەوتوونەتە بەردەستی گەریلاکانی پەکەکە.
هەروەها لە ئێستاشدا فڕۆکەی ئێف ١٦ی تورکیا دوروبەری چیای مەتین و چیای گارە بە سەختی بۆردومان دەکەن و دەنگی فرۆکەی هەلیکۆپتەر لە ناوچەکە دەبیسترێت.
لە ماوەی هەشت ڕۆژی ڕابردوودا تا تائێستا تورکیا زیاتر لە ٤٠٠ سەربازی ڕەوانەی دەروربەری سۆری سگێرێ و چیای مەتین کردووە و هەوڵدەدەن دوو شوێنی تایبەت کە ئامادەکاری بۆ دەکەن کۆنترۆڵ بکەن و بارەگای نوێ دروست بکەن .
PM:08:33:15/09/2023