پارتی: ئەگەر ئەمڕۆ بڕیاری ناردنی مووچە نەدرێت، بڕیاری پێویستی دیكە دەدەن


سەركردەیەكی پارتی دیموكراتی كوردستان رایدەگەیەنێت، ئومێد دەكەن، لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆدا ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بڕیار لەسەر ئەو بەڵێنانە بدات كە بە شاندی باڵای حكومەتی هەرێمی كوردستانیان داوە و بەپێچەوانەوە بڕیاری دیكە دەدەن.

هێمن هەورامی، ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاندووە "ئەو بەڵێنانەی سەرۆك وەزیران و پێكهێنەرەكانی حكومەتی عێراق لە هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت، بە شاندی باڵای حكومەتی هەرێمی كوردستانیان دراوە، ئومێد دەكەین لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری لەسەر بدرێت، بۆ ئەوەی ئەو دوو چارسەرەی لەلایەن سەرۆك وەزیران و شاندی حكومەتی هەرێمی كوردستان خراوەتە بەردەم حكومەتی عێراق چارەسەرێكی بەپەلە و درێژخایەن بێت، ئێمە ئومێدمان وایە كە ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری لەسەر بدات".

ناوبراو روونیكردۆتەوە "ئەگەر ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق هەر بڕیارێك بە پێچەوانەوە بدات، ئەوكات حكومەتی هەرێمی كوردستان و لایەنە سیاسییەكان و فراكسیۆنە كوردستانییەكان هەر بڕیارێك پێویست بێ پێكەوە دەیدەین".




AM:11:58:17/09/2023