كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بۆ تاوتوێی ناردنی مووچەی هەرێم دەستی پێكرد.
خالید شوانی، وەزیری دادی عێراق رایگەیاندووە "كاتژمێر 01:00ـی دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق كۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجام دەدات، كۆبوونەوەكە چەند رۆژێك پێش خراوە، بەهۆی سەردانەكەی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ ئەمەریكا".
خالید شوانی روونیكردۆتەوە "لە كۆبوونەوەكەدا گفتوگۆ لەسەر زۆر بابەت دەكرێت؛ لەنێویاندا ئەو پێشنیازانەی لەلایەن شاندی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە پێشكەشی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق و لایەنە سیاسییەكان كراون بۆ رەوانەكردنی شایستە داراییەكانی خەڵكی هەرێمی كوردستان".
شوانی وتویەتی "گەشبینم ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری دڵخۆشكەر لەبارەی شایستە داراییەكانی خەڵكی هەرێمی كوردستان دەربكات؛ چەند رۆژێكە لە گفتوگۆداین لەگەڵ سەرجەم وەزیر و لایەنە سیاسییە عێراقییەكان، پێموایە بڕیارەكە لە بەرژەوەندی هەموواندا دەبێت".
وەزیری دادی عێراق دەڵێت "هەر چەندە بڕیاری رەوانەكردنی شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان تەنها بەدەست سەرۆك وەزیرانی عێراق نییە و پێویستە زۆرینەی ئەندامانی ئەنجوومەنەكە دەنگی لەسەر بدەن".