گۆڕان: زۆرجار‌ بێدەنگیمان هەڵبژاردوە، چونکە ئەمانەوێت ئاشتەوایی‌ سلێمانی‌ تێکنەچێت


ئاسۆ ڕەحیم باژێره‌وانی‌ سلێمانی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان، رایده‌گه‌یه‌نێت هەندێ لێدوان لە لایەن کەسانی‌ بەرپرسی‌ حیزبیەوە دەدەرێت، سە بارەت بە پێکهینانی‌ ئەنجومەن و پارێزگای‌ سلێمانی‌، کە زۆر دورە لە تێگەیشتنێکی‌ هەمەلایەنە بۆ پرۆسەی‌ دیموکراسی‌ و دەستاو دەستکردنی‌ دەسەڵات.

ئاسۆ ره‌حیم له‌رونكردنه‌وه‌یه‌كدا جه‌ختده‌كات كه‌ ئه‌وان لە ڕوانگەی‌ هەست کردن بە لێپرسراویەتی‌ بەرامبەر بە شاری‌ سلێمانی‌، زۆر کات بێدەنگیان هەڵبژاردوە، ده‌ڵێت چونکە ئێمە وەک گۆڕان دەنگی‌ زۆرینەی‌ سلێمانین و ئەمانەوێت لە ئاستی‌ بەرپرسیاریەتیدا مامەڵە لەگەڵ کەیسی‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌ بکەین".

دوێنێ‌ یه‌كشه‌ممه‌ هه‌شته‌مین كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانی به‌ مه‌به‌ستی پێكهێنانی حكومه‌تی خۆجێیی پارێزگاكه‌، دواخرا بۆ ناوه‌ڕاستی مانگی داهاتوو.

ده‌قی‌ رونكردنه‌وه‌كه‌:

ڕونکردنەوەیەک سەبارەت بە هەندێ لێدوان بۆ پێکهینانی‌ پارێزگا و ئەنجومەنی‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌.

هەندێ لێدوان لە لایەن کەسانی‌ بەرپرسی‌ حیزبیەوە دەدەرێت، سە بارەت بە پێکهینانی‌ ئەنجومەن و پارێزگای‌ سلێمانی‌، کە زۆر دورە لە تێگەیشتنێکی‌ هەمەلایەنە بۆ پرۆسەی‌ دیموکراسی‌ و دەستاو دەستکردنی‌ دەسەڵات، ئێمە لە ڕوانگەی‌ هەست کردن بە لێپرسراویەتی‌ بەرامبەر بە شاری‌ سلێمانی‌، زۆر کات بێدەنگیمان هەڵبژاردوە، چونکە ئێمە وەک گۆڕان دەنگی‌ زۆرینەی‌ سلێمانین و ئەمانەوێت لە ئاستی‌ بەرپرسیاریەتیدا مامەڵە لەگەڵ کەیسی‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌ بکەین، ئەمانەوێت ئاشتەوای‌ سلێمانی‌ تێک نەچێت، بە تایبەت لەم کاتەدا کە دۆخی‌ هەرێم و عێراق و ناوچەکە و جیهان بەرامبەر بە گروپی‌ تیرۆرستی‌ داعش بە دۆخێکی‌ هەستیاردا تێدەپەڕێت، لە هەموو کاتێک زیاتر پێویستیمان بە یەکگرتوی‌ و یەک گوتاری‌ هەیە، بەڵام هەندێ کەس ( بە داخەوە ) کە لە ناوەندێکی‌ حیزبیدا لە ئاست بەرپرسیاریەتیدان، زۆر سەرەتاییانە و هەست نەکردن بە بەرپرسیاریەتی‌ دەیانەوێت دۆخی‌ ئاشتەوای‌ سلێمانی‌ تێک بدەن، ئەمە لە کاتێکدایە کە خۆیان هەڵگری‌ دروشمی‌ دیموکراتی‌ و سۆسیال دیموکراتن، ئەم لێدوانانە تەواو پێچەوانەی‌ دروشمەکانیانە، چونکە هەموو لایەک هەڵگری‌ دروشمی‌ دەسەڵاتی‌ سندوقەکانی‌ دەنگدان و دەنگی‌ هاوڵاتیانین، ئەم جۆرە لێدوانانە بەم پێوەرانە، تەواو دژی‌ هاوڵاتیانە و ئەیانەوێت ئەو پەیامە بە هاوڵاتیان بڵین، کە دەنگی‌ ئێوە توانای‌ لابردن و دەستاودەستکردنی‌ دەسەڵاتی‌ نیە، خۆشیان باش دەزانن کە هاوڵاتیان زۆر لەوە هوشیارتر و بە تواناترن، بۆیە وەلا خستنی‌ دەرئەنجامی‌ هەڵبژاردنەکان لە لایەن هەندێ بەرپرسەوە، هیچ لە دۆخەکە ناگۆڕێت و ئێمە وەک گۆڕان بەردەوام دەبین لەسەر بەرگریکردن لە دەنگی‌ هاوڵاتیان، ئەم لێدوانانەش جگە لە نەخۆشی‌ دەرونی‌ و ترس لە هاوڵاتیان هیچ مانایەکی‌ نیە ...

هیوادارین بە هەموو هێزەکان کێشەی‌ کەیسی‌ ئەنجومەنی‌ پارێزگا و پارێزگای‌ سلێمانی‌ بە پێی‌ دەرئەنجامی‌ دەنگی‌ هاوڵاتیان چارەسەر بکرێت.
 ئێمە وەک گۆڕان لە پێنج هەڵبژاردندا دەنگی‌ زۆرینەین و ناکرێت لایەنێک پێ ی‌ وابێت دەسەڵات تاپۆیەتی‌، بە پێچەوانەوە دەسەڵات تاپۆی‌ دەنگی‌ هاوڵاتیانە.
 ئەم جۆرە لێدوانانە هی‌ سەردەمی‌ هەشتاکانە و ئێستە باوی‌ نەماوە و زمانی‌ تر شوێنی‌ گرتوەتەوە ، هەموو لایەکیش ئەوە دەزانین کە جگە لە زەرەر هیچ ئەنجامێکی‌ نابێت.
 ئەو قسانە هیچ لە کاروانی‌ گەورەی‌ گۆڕان کەم ناکاتەوە، ئێمەی‌ گۆڕان پابەندین بە دەنگی‌ هاوڵاتیانەوە.

لەگەڵ ڕێزی‌ ............
باژێڕەوانی‌ سلێمانی‌
ئاسۆ ڕەحیم




PM:02:00:22/09/2014