"كردنەوەی كۆلیژی پزیشكی ئەهلی‌ بە پارە كارێكی نائەخلاقییە"


پزیشكانی كوردستان لە بەیاننامەیەكدا ناڕەزایی خۆیان بەرامبەر بەر كردنەوە كۆلیژی پزیشكی گشتیی لەزانكۆی كوردستان دەردەبڕن‌و پێدانی بڕوانامەی پزیشكی بە پارە بە نائەخلاقی وەسف دەكەن.

لەو بەیاننامەیەدا كەوێنەیەكی بۆ سپی میدیا نێردراوە، هاتووە "لە پێناوی رێگری كردن لە كردنەوەی ئەم كۆلێژە و هەر بیرۆكەیەكی تردا كە ببێتە هۆی لەكەداركردن و شێواندنی پیشەی پزیشكی, ئێمە وەكو پزیشكان ئامادەی گرتنە بەری هەر هەنگاو و رێگاچارەیەكی مەدەنین".


دەقی بەیاننامەكە:


بۆ : سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان .. سەرۆكایەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان ..
سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان و فراكسیۆنەكانی پەرلەمان.. وەزارەتی تەندروستی و بۆردی تەندروستی .. وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ..

بابەت \ بەیاننامە

بەڕێزان ماوەیەكە دەنگۆی ئەوە هەیە كە كۆلێژی پزیشكی گشتی دەكرێتەوە لە زانكۆی كوردستان كە زانكۆیەكی ئەهلیە!, وە بریارە بۆ ئەمساڵی خوێندن قوتابی و خوێندكار وەربگرێت . ئێمە وەكو پزیشكانی كوردستان لەگەڵ هەر هەنگاوێكداین كە بنرێت بۆ پێشخستنی بواری پزیشكی و خزمەتگوزارییە پزیشكییەكان لە كوردستاندا كە لە ئێستادا بەداخەوە لە ئاستی پێویستدا نییە, بەڵام هەموو لایەكیش لەوە ئاگادار ئەكەینەوە كە كردنەوەی كۆلێژی پزیشكی و دەستخستنی بروانامەی پزیشكی بە پارە لە هەر زانكۆیەكی ئەهلی كارێكی نازانستی و نائەخلاقییە , كڕین و فرۆشتنە بە پیشە و بروانامەی پزیشكییەوە, بێ ئەرزش كردنی پیشەی پزیشكییە لە كوردستاندا, ئەوەندەی تر خراپكردنی دۆخ و واقیعی پزیشكییە لە كوردستاندا . لێرەوە رایدەگەیەنین ئێمە وەكو پزیشكانی كوردستان بە هەموو شێوەیەك لە دژی كردنەوەی ئەو كۆلێژە پزیشكییەین, بە هەوڵێكی نەزۆكی دادەنێین بۆ قۆرخكردن و پاوانخوازكردن لە پیشە و بواری پزیشكیدا, بە رێگە كردنەوەیەكی دەبینین بۆ ئەوەی بروانامەی پزیشكی وەكو كاڵایەك بازرگانی پێوە بكرێت. وە ئەم كارە پێشێلكردنی بریارەكانی پەرلەمانە كە دەربارەی خوێندنە ئەهلییەكان لە ساڵی 2013 دا دەریكردووە, كە رێگا نادات بە كردنەوەی كۆلێژی پزیشكی گشتی ئەهلی .. بۆیە داواكارین لە بەرێزتان هەنگاوی جدی و كرداری بنێن بۆ رێگریكردن لە كردنەوەی ئەم كۆلێژە, و مەهێڵن میهنە و بروانامەی پزیشكی بێ ئەرزش بكرێت..




PM:02:06:23/09/2014