سودانی: رێگە نادەین لە خاکی عێراقەوە هێرش بکرێتە سەر هیچ وڵاتێك

 

لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ شاندێکی سعودیە سودانی رایگەیاند "رێگە نادەین خاکی عێراق بەکار بهێنرێت بۆ هیرش کردنە سەر هیچ وڵات".

ئەوە لە کاتێکدایە کە زۆربەی میلیشیا شیعەکان رایانگەیاند کە لە پەنا فەلەستینییەکاندان بۆ شەڕکردن  لەگەڵ ئیسرائیل و ئەمەریکا.


نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق بڵاویکردەوە، محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق پێشوازی لە شاندێکی سعودیە بە یاوەری فەیسەڵ بن فەرحان وەزیری دەرەوەی شانشینی سعودیە کرد بۆ گفتوگۆکردن لەسەر هەماهەنگییە سیاسی و ئابورییەکانی نێوان هەردوو وڵات.

هەروەها لەم کۆبوونەوەدا لەسەر پرۆسەی ئابوری و هەماهەنگی نێوان هەردوو وڵاتەکە گفتگۆ کراوە بۆ فراوانکردنی ئاسۆی ئابوری و سیاسی نێوانیان.

سودانی وتی"هەڵوێستی پتەوی عێراق سەبارەت بە ئاسایش و یەکپارچەیی خاکی وڵاتانی دراوسێ رێگا نادات خاکەکەی بۆ هێرشکردنە سەر هیچ لایەنێک بەکاربهێنرێت".

پێشتریش، فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق لە میانەی کۆبونەوەکەیدا لەگەڵ فەیسەڵ بن فەرحان وەزیری دەرەوەی سعودیە رایگەیاند"دڵنیایی دراوەتە سعودیە کە خاکی عێراق نابێتە سەکۆی هێرشکردنە سەر هیچ وڵاتێکی دراوسێ".

ئەوە لە کاتێکدایە کە لایەنە شیعەکان و ملیشاکانییان بەراشکاوانە هەڵوێستی خۆیان لەسەر شەڕی فەلەستین و ئیسرائیل راگەیاندووە و لایەنگری خۆیان بۆ فەلەستینییەکان دەربڕی و لەو رۆژەوە کە شەڕەکە دەستی پێکردووە چەندان خۆپشاندنی گەورە گەورە و لێدوانی هەڕەشەئامێز دژی ئیسرائیل و ئەمەریکا راگەیاندووە.


 


 




AM:09:59:10/10/2023