هەر كەس بۆ سرودی "ئەی رەقیب"ھەڵنەستێت سزا دەدرێت

‌پەرلەمانی کوردستان
لەڕێگەی پرۆژە یاسایەکەوە سزای ماددی و مەعنەوی بۆ ئەو کەسانە دادەنرێت کە لەکاتی وتنەوەی سرودی ئەی رەقیب دا ھەڵناستن و بەپێی ناوەڕۆکی پرۆژەکەش سزاکە بریتییە لە"پێبژاردن بەبڕی ٥٠٠ھەزار دینار و بێبەشکردنی سەرپێچی کار لەکۆبوونەوە".

گۆران ئازاد ئەندامی پەرلەمانی کوردستان، لەلاپەڕەی تایبەتی خۆی لەتۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک، دەقی پرۆژە یاساکەی بڵاوکردۆتەوە و تیایدا ئاماژەی بەوەشداوە بەھاوکاری چەند پەرلەمانتارێک پرۆژە یاسایەک لەسەر سرودی نیشتمانی ئەی رەقیب دەدەنە سەرۆکایەتی پەرلەمان بۆ بەیاسایی کردنی سرودی ئەی رەقیب.

بەپێی ناوەڕۆکی پرۆژەکەش((ئەم سروودە بەسروودی فەرمیی ھەرێمی کوردستان دادەنرێت و گشت بۆنە فەرمیی و نیشتمانی و نەتەوەییەکان بەم سروودە دەستپێدەکەن. بەو مەرجەی ماوەی ژەنینەکەی لە (٥٠)پەنجا چرکە تێنەپەڕێت)).

لەبەرامبەر ھەڵنەستان لەکاتی وتنەوەی سرودی ئەی رەقیب دا، لەماددەیەکی پرۆژە یاساکەدا ھاتووە((سەرپێچیکاری بەگومژەی (٥٠٠٠٠٠) پێنج سەد ھەزار دیناری عێراقی سزا دەدرێت و بێ‌ بەش دەکرێت لەبۆنەو دانیشتنەکە)).
 
ئەمەش دەقی پرۆژە یاسایەکەیە:

بەناوی خوای بەخشندەو میھرەبان
بەناوی گەل
پەرلەمانی کوردستان- عێراق
ژمارەی بڕیار:
رۆژی بڕیار:
بڕیار
پشت بەستن بەحومکەکانی بڕگەی (١)ی ماددە (٥٦)و ئەو دەسەڵاتەی بەپێی ماددە (٥٣)ی یاسای ژمارە (٢)ی ھەموارکراوی ساڵی (١٩٩٢)دا، پێماندراوەو، لەسەر داواکردنی ژمارەی یاسایی لەئەندامانی پەرلەمانی کوردستان، پەرلەمانی کوردستان- عێراق لەدانیشتنی ژمارە ( ) ی خۆی لەرۆژی ( / / ٢٠١٤) دا بڕیاریدا ئەم یاسایەی دا:
یاسای ژمارە ( ) ی ساڵی ٢٠١٤
ماددەی یەکەم
سرودی (ئەی رەقیب) کە دەقی شیعرەکەی لەلایەن (یونس رەئووف دڵدار)ی شاعیر دانراوەو، ئاوازەکەشی کە لەلایەن (شێخ حسێن بەرزنجی) یەوە دانراوە، کە بە(نۆتەی موزیکی)یەوە ھاوپێچە بەم یاسایە، دەبێتـە سروودی نیشتمانی بۆ ھەرێمی کوردستان- عێراق و، پیشەکیە موزیکی و میلۆدیەکەی دەکرێتە سەلامی ھەرێمایەتی و بەو شێوازە موزیکیەی کە بۆی دیاریکراوە جێبەجێ‌ دەکرێت.
ماددەی دووەم
ئەم سروودە بەسروودی فەرمیی ھەرێمی کوردستان دادەنرێت و گشت بۆنە فەرمیی و نیشتمانی و نەتەوەییەکان بەم سروودە دەستپێدەکەن. بەو مەرجەی ماوەی ژەنینەکەی لە (٥٠)پەنجا چرکە تێنەپەڕێت.
ماددەی سێیەم
سەرپێچیکاری حوکمەکانی (ماددەی دووەم)ی سەرەوە بە گومژەی (٥٠٠٠٠٠) پێنج سەد ھەزار دیناری عێراقی سزا دەدرێت و بێ‌ بەش دەکرێت لەبۆنەو دانیشتنەکە. وسەرجەم ھۆیەکانی راگەیاندن لەھەرێم (بینراو بیستراو) لەسەریانە لەکاتی دەستپێکردن و کۆتایی بەرنامەکانیاندا پابەندی پەخشکردنی سروودەکە بن.
ماددەی چوارەم
رێزگرتنی سروودو سەلامەتی ھەرێمایەتی کوردستان یاساییەو ھەموو کەسێ‌ لەشوێنە فەرمی و جەماوەرییەکاندا کە گوێبیستی دەبن لەسەریانە بەرێزگرتنەوە بۆی بوەستن.
ماددەی پێنجەم
ئەنجومەنی وەزیران بۆی ھەیە بەمەبەستی ئاسانکاری جێبەجێ‌کردنی ئەم یاسایەو دیاریکردنی کارپێکردنی بەفەرمی و سزادانی سەرپێچیکارانیەوە، پێڕەوی تایبەت دەربچوێنێت.
ماددەی شەشەم
ئەم یاسایە لەرۆژی بڵاوکردنەوەیەوە لەرۆژنامەی (وەقائیعی کوردستان) دا کاری پێدەکرێت.
ماددەی حەوتەم
وەزیرە تایبەتمەندەکان ئەم یاسایە جێبەجێ‌ دەکەن.
ھۆکارە پێویستیەکانی ئەم یاسایە
بەو پێیەی سروودی نیشتمانیە گشت گەلان و نەتەوەکان ھێمای نیشتمانی و نەتەوایەتیانەو، لەبەر ئەوە کە ھۆنراوەی (ئەی رەقیب) بۆتە بەشێک لەویژدانی کوردستانیی و سومبولی خەباتی رزگاریخوازی نیشتمانیی و، وشەو بڕگەکانیشی گوزارشت لەھیواو ئاواتەکانی گەلی کوردستان لەگشت پارچەکانی و لەدەرەوەی کوردستان دەکەن و، لەبەر ئەوەیش کە ئەم چامەیە یەکەمین سومبول و سروودی فەرمیی کۆماری کوردستان بووە لەمەھاباد، ھەروەھا گوزارشتە ئەدەبیەکە و وێنەو شیعرەکانی شامەکەو نێوەرۆکەشی خواست و ئارەزووە بنیادنەرەکانی سەرجەم پێکھاتەکانی گەلی کوردستان دەخەنەڕوو، سروودەکە تا ئێستەیش ھەر کاریگەر‌و بەزیندوویی ماوەتەوە. ئەم یاسایەمان دەرچواند.




PM:03:56:24/09/2014