فڕاکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق سەبارەت بە شەڕی نێوان فەلەستینییەکان و ئیسرائیلییەکان بەیاننامەیەکیان دەرکردو و ئیدانەی ئیسرائیلییەکانیان کرد.
سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی، هەرێم کەمال ئاغا بەیاننامەی فراکسیۆنەکەی بڵاو کردۆتەوە کە تێیدا هاتووە" گەلی فەلەستین رووبەڕوی هێرشێکی نارەوا و ترسناک لە لایەن ئیسرائیل بۆتەوە و لە مڵمڵانێکی درێژخایەندایە لەگەڵ زایۆنیزم کە بە هۆیە ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی فەلەستین شەهید بوون یا راگوێزراون ".
لە بەشێکیتری بەیاننامەکەدا راگەیەندراوە کە " ئەگر شەڕی فەلەستین دڕێژەی هەبێت و چارەسەر نەکرێت ئەو شەڕە بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست تەشەنە دەستێنێت".
هەروەها هاتووە" زۆرێک لەو کەسانەی شەهیدبوون لە خەڵکی مەدەنی و ژن و منداڵن، ئێمە بە توندی سەركۆنەی ئەو هێرشانە دەكەین كە رووبەڕووی رۆڵەكانی گەلی فەلەستین و هاوڵاتیانی مەدەنی دەبێتەوە".
لە کۆتایی بەیاننامەی فڕاکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق هاتووە کە "ئێمە داوا لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەكەین بە ئەركی ئەخلاقی و مرۆڤایەتی خۆیان هەستن لە پێناو رێگریكردن لە پێشێڵكارییەكان هەڵگرتنی گەمارۆ لەسەر كەرتی غەزە".
ئەمە لە کاتێکدایە کە فڕاکسیۆنی یەکێتی لەناو بەیاننامەکەیدا هیچ ئاماژەیەکی بەوە نەداوە کە دەستپێشخەری شەڕی نێوان فەلەستین و ئیسرائیل، فەلەستینییەکان بوون، کە لە ئەنجامی هێرشی لە ناکاویان بۆ سەر ئیسرائیل بەسەدان کەس شەهید و بریندار بوون یان بەدیل گیران کە لە ناویاندا ژن و منداڵ و خەڵکی مەدەنی بووە.