لە کوبانی فرۆکە لە ئاسمانەوەو یەپەگەش لە زەویەوە لە داعش دەدەن

رۆژی ٢٤ ئەیلول وەزعی کوبانی زۆر دژوار بوو، چەکدارانی داعش تەنها (٥ کم) یان مابوو بچنە ناو کوبانیەوە، شەوی رابردوو فرۆکەی هاوپەیمانان بۆردومانێکی خەستی بنکەکان داعشیان لەنزیک ئەو شارە کرد، لە زەویشەوە یەپەگە بەریان لە هێرشی بەرفراوانی داعش گرت.

ماڵپەرەکانی نزیک یەپەگە بڵاویان کردەوە کەبە درێژایی شەوی رابردوو فرۆکەکانی ئەمەریکاو هاوپەیمانەکانی هێرشیان کردۆتە سەر چەندین بنکەی سەرکردایەتی داعش لە ناوچەکانی کوبانی.

بەپێی ئەو هەواڵانە لە کری سپی فرۆکەکان بارەگای دادگای ئەو شارۆچەکیەیان بۆردومان کردووە کە بنکەی سەرکردایەتی داعش لەو ناوچەیە، هەروەها بنکەیەکی داعشیان لە سیرین بۆردومان کردووە، هاوکات بۆردوامنی بارەگای لیوای ٩٣ لە عین عیسی کردووە.
بەپێی ئەو ماڵپەڕانە بەدەیان شوێنی تر لەبارەگاو بنکەکانی داعش لە ناوچەکانی کوبانی رووبەرووی هێرشی ئاسمانی فرۆکە جەنگییەکان بوونەتەوە.

هێرشی ٢٤ ی ئەیلولی داعش بۆ سەر کوبانی بە قورسترین و گەورەترین هێرش دادەنرێت لەو ١٠ رۆژەی داعش هێرشی کردۆتە، سەر کوبانی، بەڵام چەکدارانی یەپەگە کە لەچوارچێوەی ئۆپراسیۆنەکانی بورکانی فوراتدا ڕیکخراون سەرباری کەمی چەک و تەقەمەنی، بەپێی هەوڵی ئەو ماڵپەڕانە شێلگیرانە بەرگریان لە کوبانی کردووەو شەوی رابردووش فرۆکەکانی ئەمەریکاو هاوپەیمانانی فریایان کوتن.

سەرچاوە سیاسییەکان، ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە بەرگریکردنی فرۆکەکانی ئەمەریکاو هاوپەیمانەکانی لە کوبانی و بۆدرومان کردنی داعش و بوار نەدان بە رووخانی ئەو شارە، ئاماژەیە بۆ گۆڕانکاری لەهەڵوێستی ئەمەریکا بەرامبەر رۆژئاوای کوردستان و پەیەدە.    




AM:09:50:25/09/2014