بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بوومەلەرزەی هەرێمی سەر بە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن ڕەوشی کەشوهەوای ئەمڕۆ و سبەی بڵاوکردەوە و دەڵێت" ئەمڕۆ تاوەباران دەبارێت کە هەورەتریشقەی لەگەڵدایە و خێرای باش زیاد دەکات".
بەپێی پێشبینییەکانی دەستەی کەشناسی هەرێم، ئەمڕۆ ئاسمان بەگشتی لە نێوان هەوری تەواو و نیمچە هەور دەبێت، لەگەڵ بوونی تاوە باران کە لە ناوچە شاخاوییەکان کاریگەری بەهێزتر دەبێ وە هەندێ جار هەورە تریشقەی لەگەل دەبێت، هەروەها لە ئەنجامی بەرزبوونەوەی کەمێک خێرای با ئەگەری بەرزبوونەوەی تۆز و خۆڵێکی سووک هەیە تا کاتەکانی ئێوارە و لە کاتەکانی شەودا کەشەکە جیگیر دەبێتەوە، پلەکانی گەرماش (دوو تا چوار) پلەی سیلیزی نزمدەبنەوە و خێرای باش (١٠ – ٢٠)کم دەبێت، بەڵام هەندی کات چالاک دەبێت بۆ سەرووی (٣٠) کم بە تایبەتی لە کاتەکانی نیوەڕۆدا، ئاڕاستەکەشی ڕووەو باشووری خۆرئاوا دەبێت و مەودای بینین (٦ – ٨)کم دەبێت.
ئاماژەی بەوەشکردووە، سبەینێ ئاسمان سامال دەبێت و لە ناوچە شاخاوییەکان بۆ نمیچە هەور دەگۆڕێت، پلەکانی گەرماش (یەک تا دوو) پلە بەرزدەبنەوە، هاوکات خێرای با (١٠ – ٢٠)کم دەبێت ئاڕاستەکەشی ڕووەو باکوری خۆرهەڵات بۆ باکوری خۆرئاوا دەبێت و مەودای بینین (٨ – ١٠) کم دەبێت.
کەشناسی لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا لەبارەی پلەی گەرمای سبەی ناوچە جیاجیاکان پێشبینی دەکات کە (هەولێر ٣٠، سلێمانی ٢٧، دهۆک ٢٨، کەرکوک ٣٣، هەڵەبجە ٢٨، زاخۆ ٢٩، سۆران ٢٦، حاجی ئۆمەران ١٩، گەرمیان ٣٤)ی پلەی سیلیزی دەبن.