سی پی تی: بەهۆی بۆردمانەکانی تورکیاوە ١٠ هاوڵاتی گیانیان له‌ده‌ستداوه‌

تیمی کوردستانی عێراقی (سی پی تی) ژمارەی قوربانیانی مەدەنی و جۆر و هێرشی بۆردوومانەکانی دەوڵەتی تورکیای بۆسەر هاوڵاتیانی مەدەنی لە ماوەی ئەمساڵدا بڵاوکردەوە کە لە ماوەی ئەمساڵدا (١٠) هاوڵاتی گیانیان له‌ده‌ستداوه‌.

تیمی كوردستانی عێراقی (سی پی تی) ئەمڕۆ سێشەممە ١٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ له‌ ئامارێكدا بڵاویكردەوە" لە ١ی کانوونی دووەمی ئەمساڵەوە تا ئەمڕۆ بەهۆی بۆردوومان و ئۆپەراسیۆنەکانی تورکیا لە خاکی هەرێمی کوردستاندا ١٠ هاوڵاتی مەدەنی شەهیدبوون و ١٢ هاوڵاتی تری مەدەنیش برینداربوون، ٦ لەو هاوڵاتییە مەدەنیانە بەهۆی هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و ٣ هاوڵاتی تر بەهۆی فڕۆکەی جەنگی و ١ هاوڵاتی تریش بەهۆی تەقینەوەی مین لە دەوروبەری یەکێک لە بارەگا سەربازییەکان شەهید بوون". 

ئاماژەی بەوەشکردووە، لەناو بریندارەکاندا ٢ هاوڵاتی مەدەنی بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی سەربازانی تورکیا و ٩ هاوڵاتی تریش بەهۆی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و ١ هاوڵاتی تریش بە هۆی تەقینەوەی مین برینداربوون.

ڕاشیگەیاندووە" لە ناوشەهیدەکاندا ٣ هاوڵاتی لە کاتی کۆکردنەوەی گژوگیای بەهارەدا و ٦ هاوڵاتی تر لە ناو ئۆتۆمبێل و ١ هاوڵاتیش لە ماڵەوە بەئامانجگیراون، هەرچی بریندارەکانیشن ٢یان لە کاتی لەوەڕاندنی مەڕ و ماڵاتەکانیاندا و ٥ یان لە ناو ئۆتۆمبێل و ٣ یانیان لە ناو کەمپی ئاوارەکانی مەخمور و ١ هاوڵاتی لەکاتی کۆکردنەوەی گژوگیای بەهارە و ١ هاوڵاتی تریش لە ناو ماڵەکەی خۆیدا بە ئامانجگیراون". 

سەبارەت بە شوێنی ڕووداوەکان و هێرشەکان بۆسەر هاوڵاتیانی مەدەنی کە تیایدا قوربانی مەدەنی لێکەوتووەتەوە، لە ئامارەکەی (سی پی تی)دا هاتووە" لە پارێزگای دهۆک ٤ شەهید و ٢ بریندار، لە پارێزگای هەولێر ١ شەهید و ٨ بریندار، هەروەها لە پارێزگای سلێمانی ٥ شەهید و ٢ بریندار بەهۆی ئۆپەراسیۆن و هێرشەکانی تورکیا بۆسەر خاکی هەرێم لە ساڵی ٢٠٢٣دا تۆمارکراون". 

سوپای تورکیا لە درێژکراوی ئۆپەراسیۆنی چنگی قوفڵدا کە لە ناوەڕاستی مانگی نیسانی ٢٠٢٢دا ڕایگەیاند" بەبەراورد بە ساڵانی ڕابردوو بە قوڵاییەکی زیاتر و بە دووری سەدان کیلۆمەتر لە سنوری نێوان تورکیا-عێراق، سەرباری بە ئامانجگرتنی گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان، هاوڵاتیانی مەدەنی و گوندنشینان و جوتیارانی هەرێمی کوردستان بە ئامانجدەگرێت". 



PM:04:05:17/10/2023