دوا لێدوانی بەغدا سەبارەت بە ناردنی مووچەی مانگی ئاب راگەیەندرا

وتەبێژی حکومەتی عێراق رایگەیاند"دوای تەواوبوونی تەمویلکردنی وەزارەتەکان بۆ دابەشکردنی مووچە بەغدا ٧٠٠ ملیار دینارەکە دەنێڕیت".

رۆژی سێشەممە ٢٤ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ باسم عەوادی، وتەبێژی حکومەتی عێراق لە لێدوانێکی لەگەڵ کەناڵی( کوردستان٢٤) رایگەیاند"ئێستا وەزارەتی دارایی فیدراڵی سەرقاڵی تەمویلکردنی وەزارەتەکانە بۆ دابەشکردنی مووچە، دوای کۆتاییهاتنی ئەو پرۆسەیە، قۆناغی دووەمی ٧٠٠ ملیار دینارەکە دەخاتە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان".

هوەزارەتی دارایی لە ١٧ی ئەم مانگەوە دەستی بە دابەشکردنی مووچەی مووچەخۆرانی عێراق کردووە و تا ٢٦ ئەم مانگە بەردەوام دەبێت، بۆیە ئەگەر رۆژی پێنجشەممەی ئەم هەفتەیە، ٧٠٠ ملیارەکە رەوانەی هەرێمی کوردستان نەکرێت، ئەوا لە سەرەتای هەفتەی داهاتوو، ئەو بڕە پارەیە دەخرێتە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی هەرێم.

 لە لایەکەوە هەر ئەمڕۆ سێشەممە ٢٤ی تەشرینی ٢٠٢٣ دوای كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی عێراق، محه‌ممه‌د شیاع سوودانی سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق، له‌ كۆنفرانسێكی رۆژنامه‌وانی رایگه‌یاند،" ٧٠٠ ملیارەکان لە کاتی خۆیان رەوانەی هەرێم دەکرێن و لەمانگی ١٢ پاکتاویی دارایی نێوان ھەرێم و بەغداد دەکرێت، پاشان کۆدەکرێتەوە و بەپێی یاسایی بودجە، پشکی هەرێم دەنێرن". 

وتیشی" دوای كۆتاییهاتنی ساڵ، له‌ سه‌ری ساڵی نوێدا هه‌موو ژمێرە‌ داراییه‌كانی نێوان هه‌رێم و به‌غدا یه‌كلایی ده‌كرێنه‌وه‌ و هه‌موو ئه‌و پاره‌یه‌ كۆده‌كرێته‌وه‌ كه‌ له‌ هه‌رسێ جاره‌كه‌ نێردراوه‌، پاشان به‌گوێره‌ی ئینفاقی فیعلی له‌ رێژه‌ی ئه‌و ١٢.٦٧٪ ـه‌ كه‌م ده‌كرێته‌وه‌، كه‌ وه‌ك پشكی هه‌رێمی كوردستان له‌ یاسای بودجه‌دا دیاریكراوه‌ و دواتر چه‌ند پاره‌ له‌ پشكی هه‌رێم لای حكومه‌تی فیدراڵ ده‌مێنێت، بۆ هه‌رێمی كوردستان ره‌وانه‌ ده‌كرێت".

دوای ئەوەی هەردوو دیوانی چاودێری دارایی هەرێمی کوردستان و عێراق، وردبینیان لە لیستی مووچەخۆران و بڕی مووچەکانیان تەواوکرد رۆژی سێشەممە ١٧ی تەشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ پرۆسەی وردبینیان لە لیستی مووچەخۆران و بڕی مووچەکانیان تەواو کردووە و رۆژی دواتر راپۆرتەکە بە واژۆی هەردوو دیوانی چاودێری، ئاراستەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق و ئەنجوومەنی هەرێمی کوردستان کراوە.





AM:12:19:25/10/2023