ئەندامێکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق ڕایدەگەیەنێت" هیچ گرفتێک لە بەردەم ناردنی ٧٠٠ ملیار دینارەکە بۆ هەرێمی کوردستان نییە".
نەرمین مەعروف ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ئەمڕۆ یەکشەممە ١٩ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣ بە (ڕووداوی) ڕاگەیاند" وەزارەتی دارایی عێراق ٧٠٠ ملیار دیناری دیکە ڕەوانەی هەرێم دەکات و هیچ گرفتێک لە بەردەم ناردنیدا نییە، ئەوەی هەیە چاوەڕوانی تەرازووی پێداچوونەوەی مانگی ١٠ی هەرێمی کوردستانن".
لەبارەی چارەنووسی مووچەی سێ مانگی دیکەی ئەم ساڵی مووچەخۆرانی هەرێم، نەرمین مەعرووف وتی" جگە لەو ٧٠٠ ملیار دینارەی ماوە، حکومەتی عێراق پارەی دیکە نانێرێت، بڕیارە مانگی ١٢ پاکتاوی حساباتی ساڵ بکرێت و دواتر بڕیار لە ناردنی پارە دەدرێت".
مانگی ئەیلولی ئەمساڵ ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریدا بڕی دوو تریلیۆن و ١٠٠ ملیار دینار وەکو قەرز بۆ هەرێمی کوردستان ڕەوانە بکات، بە مەبەستی دابینکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم.