زانیاری نوێ لەبارەی بەردەوامبوونی ناردنی ٧٠٠ ملیار دینارەکە راگەیەندرا

جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی رایگەیاند" لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی چەند پرسێکمان سەبارەت بە ناردنی مووچە لەلایەن بەغداوە تاوتۆی کرد و سودانی پێی وتین سێیەم گوژمەی ٧٠٠ ملیار دینارەکە تا مانگی ١٢ دەگاتە هەرێم". 

مەریوان قەرەنی، جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق بە ماڵپەڕی فەرمی پارتی رایگەیاند" لەبارەی مووچەی سێ مانگی کۆتایی ئەمساڵ و بەردەوامبوون لەسەر ناردنی قەرزی سێ مانگ، محەمەد شیاع سوودانی پێی وتین کە بابەتی بڕیاردان لەسەر بەردەوامبوون لە ناردنی بڕی ٧٠٠ ملیار دینار بۆ سێ مانگی دیکەش جگە لەو سێ مانگەی بڕیاری لێ دراوە، لەدەست ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقە و لەدەست خودی ئەودا نییە".

هەروەها وتی" سودانی وەڵامی داینەوە کە ئەو پارەیەی لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی یاسای بودجە دیاریکرابوو تا بۆ هەرێمی کوردستانی بنێرن زۆر کەمترە لە پێویستیی هەرێمی کوردستان بۆ مووچە و تەنانەت وتی کە ئەو ٧٠٠ ملیار دینارەشی دیاریکراوە، هێشتا کەمترە لەو پارەیەی هەرێمی کوردستان بۆ مووچە پێویستیەتی، هەروەها جەختی کردەوە کە لایەنەکانی راسپاردووە و تا ڕۆژی ١ی ١٢ی ٢٠٢٣، بەشی سێیەمی ئەو ٧٠٠ ملیار دینارە دەنێرن کە پێشتر بڕیاری ناردنیان دابوو".

مەریوان قەرەنی سەبارەت بە هەمواری یاسای بودجەی گشتی عێراق رایگەیاند" سەرۆک وەزیران باسی لەوەشکرد بابەتی هەموارکردنەوەی یاسای بودجە لە دەسەڵاتی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقدایە و ئێمە هیچ مانعاتێکمان نییە ئەگەر ئەو بڕگەیە هەموار بکرێتەوە و چارەسەری ئەم بابەتە بکرێت، بەڵام ئێمە دەسەڵاتی جێبەجێکردنین و هەموارکردنەوەکەش لەدەست دەسەڵاتی یاسادانانە و هەر یاسایەک دەربکەن و هەمواری بکەنەوە، ئێمە جێبەجێی دەکەین".




AM:11:04:20/11/2023