پێشەوا هەورامی: ئەگەر حکومەت رێگری لە مامۆستایان بکردایە لە بازگەکانی خۆیەوە دەیکرد

وتەبێژی حکومەتی هەرێم رەتیکردەوە ئەوان داوایانکردبێت لە بازگەکانی عێراقەوە رێگری لە مامۆستایان بکەن روو لە شاری بەغداد بکەن و دەڵێت" ئەگەر حکومەتی هەرێم رێگری لە مامۆستایان بکردایە لە بازگەکانی خۆیەوە دەیکرد". 

پێشەوا هەورامی وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان (ماوە بۆدرێژکراوە)، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاندووە" هیچ هەوڵێک لە نێوان حکومەتی هەرێم و عێراق نییە بۆ ڕێگری لە مامۆستایان، ئەگەر هەوڵێک هەبێت بۆ ڕێکەوتنی مووچەیە بۆ مامۆستایان و توێژەکانی تر نەک ڕێگری کردنیان، ئەگەر حکومەتی هەرێم ڕێگری بکردایە لە بازگەکانی خۆیەوە دەیکرد، چ پێویست بوو لە بازگەکانی عێراقەوە بیکات". 

وتیشی" هەوڵی مامۆستایان هەوڵی ئێمەشە. ئێمەش هەمان بۆچوونمان هەیە کە ماف و ئیمتیازاتی موچە و حەقی خەڵکی هەرێم لای حکومەتی عێراقە". 

ڕۆژی یەکشەممەی ڕابردوو مامۆستایانی نارازی لە پێناو گەیاندنی داواکاریەکانیان کە خۆی لە پێدانی مووچەکانیاندا دەبینێتەوە هەوڵیاندە بگەنە بەغدا بۆ ئەوەی لە ساحەی تەحریری ئەو شارە لە ڕێگەی خۆپیشاندانەوە داواکاریەکانیان بگەیەنن بە حکومەتی ناوەندی، بەڵام دوای گەشتنیان بە یەکەم بازگەی حکومەتی عێراق ڕیگریان لێکرا .



AM:09:23:28/11/2023