یەکێتی: دادگای فیدراڵی لە بارەی چۆنێتی هەڵبژاردنی کوردستانەوە دەیەوێتە بڕیارێکی تەندروست بدات


یەکێتی نیشتمانی کوردستان پێشوازی لە هەنگاوەکانی دادگای فیدراڵی دەکات‌و، لە زاری لێپرسراوی مەکتەبی هەڵبژاردنەکەیانەوە دەڵێت" دواخستنی بڕیاری دادگای فیدڕاڵی سەبارەت بەو سکاڵایەی یەکێتی کە لەسەر یاسای هەڵبژاردنی هەرێم تۆماری کردبوو، "موماتەڵە" نییە. بەڵکو دادگا دەیەوێت بڕیارێکی "تەندروست"بدات".

ڕزگار حاجی حەمە، لێپرسراوی مەکتەبی هەڵبژاردنی یەکێتی، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاندووە،"پێم وانیە دادگا موماتەڵە بە بڕیارەکەوە بکات، دیارە دەیەوێت بڕیارێک بدات تەندروست بێت، وردەکاری و بە دوادچوونی زیاتر بکا."

ڕزگار حاجی حەمە دەڵێت،"ئەمڕۆ وادەی دادگایی کردن بوو، هەموو بەڵگەو داتاکان خرانە ڕوو، ئەو پرسیارانەی لە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقی کردبوو، لەسەر چۆنیەتی دابەشکردنی کوردستان بەسەر چەند بازنەیەکدا و کورسی کۆتاکان هەمووی وەڵام دراوەتەوە، دادگاش ماوەیەکی تری دیاری کردووە بۆ ئەوەی بڕیارێک بدات کە وردەکاری و بەدواداچوون بێت."

ڕزگار حاجی حەمە دەشڵێت، "بڵاو کردنەوەی نوسراوەکەی کۆمسیۆن، وەڵامێک بووە بۆ پرسیارێکی دادگای فیدڕاڵی و کۆمسیۆنیش وەک پێشنیار وەڵامی داوەتەوە".

سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان، لە ڕۆژی٢ ی مانگی پێنجی ٢٠٢٣، لە دادگای فیدراڵی عێراق سکاڵای لەسەر یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تۆمارکردووە. یەکێتی داوا دەکات هەڵبژاردنی پەرلەمان لەیەک بازنەییەوە بگۆڕێت بۆ چوار بازنەیی و کورسی پێکهاتەکانیش بەسەر بازنەکاندا دابەش بکرێت.

بە گوێرەی نوسراوێکی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق کە دوێنێ شەممە، ٢ی مانگی کانوونی یەکەم، هەرێمی کوردستان بەسەر(سێ) بازنەی هەڵبژاردن دابەش دەکرێت و پارێزگای سلێمانی (چوار) کورسی کۆتای بەردەکەوێت.

دادگای فیدڕاڵی عێراق، ڕۆژی ٢٧ی مانگی دوازدە، بۆ بڕیاردان و یەکلایی کردنەوەی سکاڵاکەی یەکێتی لەسەر یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان دەستنیشانکردووە، کە ماوەی ٧ مانگە تاوتوێی سکاڵاکە دەکات و چەندین جارە بڕیاردان لەسەری دوادەخات.
سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، ڕۆژی ٢٥ ی مانگی شوباتی ٢٠٢٤ ی وەکو وادەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریکردووە.




PM:06:16:03/12/2023