کاتێکی نوێ بۆ گەیشتنی ٧٠٠ ملیار دینارەکەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەستنیشان کرا.
ئەمڕۆ یەکشەممە، ١٠ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٣ سەرۆکی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێم لە بەغدا، فارس عیسا لە لیدوانێکی رۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند" بڕیارە ڕۆژی دووشەممە یاخود سێشەممەی ئەم هەفتەیە ٧٠٠ ملیار دینارەکە بخرێتە سەر هەژماری بانکی ھەرێم".
هەرچەندە لە لێدوانەکەی ئەمڕۆیدا دەڵێت" ڕۆژی هەینی سەرجەم ڕێکارەکانی ناردنی پارەکە تەواو کراوە".
بەڵام لە لێداونێکی پێشوویدا بۆ میدیای پارتی، فارس عیسا ڕایگەیاندبوو" کە ڕۆژی ٤ی ئەم مانگە ڕێکارەکان تەواو کراوە و دەبوو هەفتەی ڕابردووش پارەکە بگەیشتایە".
لە ناوەڕاستی مانگی ڕابردووەوە بەرپرسانی هەرێمی کوردستان دەڵێن "بەم نزیکانە" پارەکەی بەغدا دەکات و دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی نۆ دەکرێت.
لە کاتێکدا لە نیوەی یەکەمی مانگی ١٢ نزیك دەبینەوە، هێشتا مووچەی مانگی نۆ لە هەرێمی کوردستان دابەش نەکراوە و چارەنووسی مووچەی مانگەکانی ١٠ و ١١ و ١٢ش بە نادیاری ماوەتەوە.