ئەمڕۆ چوارشەممە ١٣ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣ ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم کۆدەبێتەوە و لە کۆبوونەوەکەدا هۆکاری روودانی ئاگرکەوتنەوەکەی ئیدارەی سەربەخۆی قەزای سۆران و گرفتی کوژانەوەی گشتی کارەبا و نرخی پریپەید تاوتوێ دەکرێت.
بەپێی ڕاگەیەندراوێکی فەرمانگەی میدیا و زانیاری هەرێم، ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێم و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران (ماوە بۆدرێژکراوە)، کۆبوونەوەی خۆی ئەنجام دەدات و تیایدا چەند بابەتێک تاوتوێ دەکات.
ئاماژەی بەوەشکردووە، بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکە تایبەت دەبێت بە هەڵسەنگاندنی ڕێكارەكانی فریاگوزاری شارستانی و لێكۆڵینەوە لە هۆكارەكانی ڕووداوی ئـاگرکەوتنەوە لە باڵەخـانەكەی ئیـــدارەی سـەربەخۆی سـۆران كە لە ٨ی ئەم مانگەدا ڕوویدا و بـووە هـۆی گیان لەدەستدانی ١٤ کەس و برینداربوونی چەند کەسێکی دیکە.
ئەوەشی خستەڕوو، لە بڕگەی دووەمی کۆبوونەوەکەدا بڕیاری كۆتایی لەسەر ڕاپۆرتی جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران، تایبەت بە پرسی زیادبوونی ژمارەی حاڵەتەکانی توندوتیژی دژی ئافرەتان و خستنەڕووی ڕاسپاردە و چارەسەرەکان دەدرێت کە لە کۆبوونەوەی پێشووی ئەنجومەنی وەزیراندا خرابووە ڕوو و بڕیاردان لەسەر ڕاپۆرتەکە بۆ کۆبوونەوەی ئەم هەفتەیە دواخرابوو.
هەروەها لە بڕگەی کۆتایی کۆبوونەوەکەدا تاوتوێكردنی راپۆرتێکی وەزیری كارەبای هەرێم دەبێت لەبارەی رەوشی كارەبا و گرفتی کوژانەوەی گشـتی سیستمی کارەبا و هەوڵی وەزارەت بۆ زیادکردنی بەرهەمهێنان و گەڕانەوەی كارەبا، هەر پەیوەست بەو پرسە بەرنامەی پریپەید و نرخەكەی تاوتوێ دەكرێت.