حكومه‌تی هه‌رێمی
كوردستان له‌باره‌ی كه‌مكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌كانی جێگری سه‌رۆكی حكومه‌ت رایده‌گه‌یه‌نێت:
ده‌قی بڕیاری دیاریكردنی ده‌سه‌ڵاته‌كانیش كه به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیران ئیمزای له‌سه‌ر
كردووه، له نووسینگه‌ی به‌ڕێز جێگری سه‌رۆك وه‌زیران خۆی ئاماده كراوه.
ده‌قی روونكردنه‌وه‌كه:
ماوه‌ی چه‌ند ڕۆژێكه
هه‌ندێ له ده‌زگاكانی ڕاگه‌یاندن و تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، ڕاست و چه‌پ كه‌وتوونه‌ته
بڵاوكردنه‌وه‌ی لێدوانی كۆمه‌ڵێك به‌رپرس و كادیری یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان ده‌رباره‌ی
ئه‌وه‌ی گوایه ده‌سه‌ڵاته‌كانی به‌ڕێز قوباد تاڵه‌بانی؛ جێگری سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی
كوردستان كه‌م كراونه‌ته‌وه و، بێ ئه‌وه‌ی كرۆكی بابه‌ته‌كه بزانن، هه‌ر له خۆیانه‌وه
لێكدانه‌وه و شیكردنه‌وه‌ی سه‌یر و سه‌مه‌ره‌ی بۆ ده‌كه‌ن!.
ئه‌م هه‌رایه
له كاتێكدایه كه دیاریكردنی ئه‌و ده‌سه‌ڵاتانه، به ته‌واوی به هه‌ماهه‌نگی و
ڕێككه‌وتن له‌گه‌ڵ خودی به‌ڕێز جێگری سه‌رۆك وه‌زیران كراوه و، ته‌نانه‌ت ده‌قی بڕیاری
دیاریكردنی ده‌سه‌ڵاته‌كانیش كه به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیران ئیمزای له‌سه‌ر كردووه، له
نووسینگه‌ی به‌ڕێز جێگری سه‌رۆك وه‌زیران خۆی ئاماده كراوه.
بۆ ڕێگه‌گرتن له‌و
هه‌موو قسه و لێدوانه بێبنه‌مایانه، چاوه‌ڕێی ئه‌وه‌مان ده‌كرد كه به‌ڕێز قوباد
تاڵه‌بانی خۆی؛ هه‌م ده‌زگا و ناوه‌نده‌كانی حیزبه‌كه‌ی له‌و ڕێككه‌وتن و هه‌ماهه‌نگییه
ئاگادار بكردایه‌ته‌وه!، هه‌میش لێدوانێكی یه‌كلاكه‌ره‌وه ده‌رباره‌ی ئه‌م پرسه
بدات و، كۆتایی به‌و هه‌موو قسه‌ڵۆكانه بێنێت كه ده‌زگاكانی ڕاگه‌یاندن به‌رده‌وام
له به‌رپرسان و كادیرانی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستانه‌وه؛ ده‌یگوازنه‌وه.
سامی ئه‌رگۆشی
سكرتێری ڕۆژنامه‌وانیی
سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان
2ی ئۆكتۆبه‌ری
2014