پەرلەمانی توركیا رەزامەندی لەسەر شەڕ لەگەڵ داعش لە سوریا‌و عێراق دەربڕی


ئێوارەی ئەمرۆ پەرلەمانی توركیا پرۆژە یاسای حكومەتی وڵاتەكەی كە رێگەی بەسوپا دەدات بەشداری شەڕی داعش لە عێراق‌و سوریا بكات بە 298 دەنگی ئەرێ‌و 98 دەنگی ناڕازی پەسەند كرد.

بەپێی راپۆرتێكی سكای نیوز، بە پەسەندكردنی ئەم یاسایە، سوپای توركیا رێگەی پێدەدرێت لەدەرەوەی سنورەكانی خۆی شەڕ لەگەڵ "ئەو گروپانەدا بكات كە ئاسایش نەتەوەیی توركیا دەخەنە مەترسییەوە".

هاوكات وەزیری بەرگریی توركیا دەڵێت كە سوپای وڵاتەكەی پاش ئەوەی پەرلەمان بڕیاری چالاكی سەربازیی لە دەرەوەی سنورەكانی دەركرد، چالاكیی خێرا ئەنجام نادات.

عیسمەت ئیلماز، وەزیری بەرگری توركیا پاش رەزامەندی پەرلەمانی توركیا لەسەر پرۆژە یاساكە حكومەتی ئەردۆغان وتی: نابێت چاوەڕانی ئەوە بكرێت سوپای   توركیا بەخێرایی چالاكی سەربازیی ئەنجام بدات".

لەلایەكی ترەوە پەسەندكردنی ئەو یاسایە لە پەرلەمانی توركیا، بەپێی بۆچوونی چاودێرانی سیاسی رێگە بە سوپای توركیا دەدات دژی پەكەكە لە عێراق‌و سوریا بە ئاشكرا چالاكی سەربازیی ئەنجام بدات.




PM:09:23:02/10/2014