بەپەلە..پێشمەرگە لە خورماتوەوە بە ئاراستەی تکریت لە پێشرەویدایە

هێزی پێشمەرگەی کوردستان بەرەبەیانی ئەمرۆ لەخورماتوەوە بە ئاراستەی تکریت لە پێشرەویدایەو چەندین گوندو شوێنی ستراتیژی کۆنتۆڵکردووە.

بەرپرسی بازنەی حەمرینی یەکێتی نیشتمانی کوردستان مەلاکەریم شوکر بە سپی میدیای راگەیاند لەبەرەبەیانی ئەمرۆوە ٣ی تشرینی یەکەم هێزی پێشمەرگە بە ئاراستەی تکریت کەوتە پێشرەوی و لەئەنجامدا پردی ستراتیژی زەرگەی کۆنترۆڵکرد کە لەوێوە سنوری پارێزگای تکریت دەستپێدەکات.

بەرپرسی بازنەی حەمرینی یەکێتی لە درێژەی لێدوانەکەیدا بۆ سپی، ئەوەی ئاشکرا کرد کە لە سنوری خورماتوو هیچ گوندێک نییە بەدەستی داعشەوە مابێت و دوا گوند زەنجەلی بوو کە ئەویش ئەمرۆ کۆنترۆڵکرایەوە.

مەلا کەریم ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە چەکدارانی داعش پاش هەڵهاتنیان پردەکەی زەرگەیان تەقاندەوە بۆئەوەی بەر لە پێشڕەوی تری هێزی پێشمەرگە بگرن.  

هێرشی ئەمرۆ دژی چەکدارانی داعش بە بەشداری چەند یەکەیەکی سووپای عێراق ئەنجامدرا




PM:12:37:03/10/2014