شارەزایەکی کەشناسی: ئاستی بارانبارین زیاتر دەبێت و لە ناوچە شاخاوییەکان بەفرێکی چڕ دەبارێت

شارەزایەکی بواری کەشناسی ئاماژەی بەوەداوە کە ئاستی بارانبارین زیاتر دەبێت و ئەگەری بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی چەم و دۆڵەکان ئەبێت و لە ناوچە شاخاویە بەرزەکانیشدا بەفرێکی چڕ دەبارێت.

 ئاراس جەبار شارەزای بواری کەشناسی رایگەیاند" سبەی شەمە  لە ئەنجامی زیادبوونی کاریگەری نزمەپاڵەپەستۆی دەریای ناوەراست ئاسمانی ھەرێم بەدرێژای کاتەکان ھەوری تەواو ئەبێت و لە سەرجەم ناوچە شاخاویەکان بەدرێژای کات بارانبارین ئەبێت و لەناوچە شاخاویەکانی پارێزگای دھۆک و ھەولێر و ناوچەکانی سنوری ئیدارەی راپەرین ئاستی دابارین زیاتر ئەبێت بەتایبەت لەنێوان کاتەکانی نیوەرۆ بۆ شەو زۆرکات لێزمە باران ھەورە بروسکە ئەبێت بۆیە ئەگەری بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی چەم و دۆڵەکان ئەبێت ".

ئاراس جەبار راشیگەیاندووە" لە ناوچە شاخاویە بەرزەکانیشدا بارینی بەفرێکی چڕ، لەسەنتەری شاری دھۆک بەدرێژای کاتەکان بارانی مامناوەند ئەبێت ، لەسەنتەری شاری ھەولێر و سلێمانی لەنێوان کاتەکانی نیوەرۆ بۆ شەو ناوبەناو ئەگەری تاوە باران و چالاکبوونی ھەورە بروسکە ئەبێت ، لەسەنتەری شاری ھەڵەبجە بەدرێژای کاتەکان نمە باران ئەبێت و ھەندێک کات رێژەی بارانەکە مامناوەند ئەبێت ، لەسەنتەری شاری کەرکوک و دەوروبەری و سنوری ئیدارەی گەرمیان ھەندێک کات ئەگەری نمە باران ئەبێت و کاریگەری باران لاواز ئەبێت". 

ئەو شارەزایەی بواری کەشناسی رایگەیاند" ھاوکات سبەی خێرای با زۆربەی کاتەکان مامناوەند چالاک ئەبێت لەئاراستەی باشور و باشوری رۆژھەڵاتەوە بەخێرای ١٥ تا ٣٠ کم لە کاتژمێرێکدا ، لەناوچەکانی سنوری ئیدارەی گەرمیان و پارێزگای کەرکوک و سەنتەری شاری ھەولێر و نزمایەکانی خێرای با زیاتر ئەبێت و ھەندێک کات تا زیاتر لە ٤٠ کم لە کاتژمێرێکدا چالاک ئەبێت ، پلەکانی گەرما بەڕاورد بە ئەمڕۆ جێگیر ئەبن و لەھەندێ ناوچەدا بەرێژەی کەم نزمتردەبێتەوە".




AM:10:26:22/12/2023